شرۆڤەیەك ئایندەی عێراق پاش سەردانەكەی زەیدی و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا تاوتوێ دەكات
02:31 - 19/07/2026
زەمەن_هەواڵ
پەیپەرێكی شیكاریی «خانەی هزریی کوردستان»، تیشک دەخاتە سەر لێکەوتە، ئاستەنگ و دەرەنجامە ستراتیژییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و لەسەر هەوڵی گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەكانی هەردوولا و دەرفەت و لەمپەرەكانی بەردەم جێبەجێكردنی 48 رێككەوتنامە واژۆكراوەكەی ڕۆژانی سەردانەكە هەڵوێستە دەكات.
بەپێی پەیپەرەکە كە "د. یاسین تەها" نووسیویەتی و لە ماڵپەڕی خانەكە بە ناونیشانی "عێراقی پاش سەردانەکەی زەیدی؛ هاوکێشەی گوشاری ترەمپ و هەژموونی تاران" بڵاكراوەتەوە، ناونیشانی فەرمیی ئەم قۆناغە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق بریتییە لە: "گۆڕینی پەیوەندییەکان لە هەژموونی ئەمنیی تەقلیدییەوە بەرەو هاوبەشیی ئابووری و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە". کشانەوەی بڕیار لێدراوی هێزەکانی ئەمریکا تا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەرفەتی داوە بە واشنتۆن کە لە جیاتی لۆجستیی سەربازی، کەرەستە و وەبەرهێنانی ئابووری وەک "هێزی نەرم" بۆ مانەوەی خۆی لە عێراقدا بەکاربهێنێت.
ستراتیژیەتی لێدان لە هەژموونی وزەی ئێران
پەیپەرە شیكارییەكە ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لە ڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژیی وەک هێڵی بۆریی نەوتی «بەسرە-فیشخابوور» (کە دەبەسترێتەوە بە بەندەری جیهانی تورکی) و لقی دووەمی بەرەو «بانیاس»ی سووریا، دوو دەرچە و دوو سیی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق دابینبکات. ئەم هەنگاوە ئامانجەکەی کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە «گەرووی هورمز»، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ پێگەی ئابووریی ئێران لە ناوچەکە و کەرتی وزەی عێراقدا ڕووبەڕووی لاوازیی ڕێژەیی دەکاتەوە.
گرێ کوێرەی چەک و "عەقیدەی هەرێمایەتی"
توێژینەوەکە هەڵوەستە لەسەر دۆسیەی چەکی گرووپەکان دەکات و دەڵێت: سەرەڕای پێشکەوتنی پلانی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، بەربەستی سەرەکی لەبەردەم سەروەریی تەواوەتیی دەوڵەتدا چەند گرووپێکی چەكداری وەلائین (وەک کەتائیبی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، ئەنساروڵڵای ئەوفیا، و کەتائیبی سەیدولشوهەدا). ئەم گرووپانە پێگەی خۆیان بەستووەتەوە بە “عەقیدەیەکی هەرێمایەتیی نەگۆڕ” (بەتایبەت لە قۆناغی پاش خامنەیی)؛ ئەمەش جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی زەیدی بە پنتاگۆن، بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران یان ڕووبەڕووبوونەوەی ناوخۆیی، ئەستەم دەکات.
لە هەمان كاتدا پەیپەرەكە، بە ئاماژەكردن بە هەندێك سەرچاوە داتایەکی هەستیار ئاشکرا دەکات؛ بەرەی نەیارانی زەیدی یەکگرتوو نییە. دابەشبوونی ناوخۆیی و لێکترازان لە نێوان هێزە شیعەكان و گرووپە چەکدارەکاندا هەیە و زۆرینەیان ئامادەییان هەیە بۆ ڕێككەوتن دەربارەی چەك، ئەم لێکترازانەش دەرفەتێکی تاکتیکی دەداتە حکوومەت کە لە ڕێگەی گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە گوشارەکانی زیاتر بکات.
چاکسازی لە نێوان «ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان» و «قەڵغانی لێبوردن" دا
لە تەوەرێکی تری پەیپەرەکەدا، "د. یاسین تەها" باس لە هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵی دەکات "ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان" و باس لەوە دەكات سەرباری پێشكەوتنەكان چاکسازییەکانی زەیدی کۆت کراون بە “پارێزبەندیی سەرکردە گەورەکان” و “یاسای لێبووردنی گشتی"؛ ئازادبوونی پتر لە ٤٠ هەزار تۆمەتبار لە سەرەتای ٢٠٢٥وە بەپێی یاسای لێبوردن، هاوشان لەگەڵ غیابی ١٤ ساڵەی حیساباتی کۆتایی پەرلەمان (لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ کە تازە کاری لەسەر دەکرێت)، گەورەترین دەرچەن بۆ گەندەڵکاران. پەیپەرەکە دەری دەخات کە هێزە باڵادەستەکان هێشتا ڕێگە نادەن هەڵمەتەکەی زەیدی هێڵە سوورەکانی سەرکردە سیاسییە پلە یەکەکان ببەزێنێت.
دەرەنجامە بنەڕەتییەکان:
لە كۆتاییدا خوێندنەوەی «عێراقی پاش سەردانەکەی زەیدی» چەند دەرەنجامێکی بنەڕەتی بۆ داهاتووی هاوکێشەکە دەخاتە ڕوو:
•پشتیوانیی واشنتۆن پێگەی زەیدی لە ناوخۆدا قایمتر کردووە. ئەو ئێستا خاوەنی دوو جۆر شەرعییەتی زیادەیە لە دەرەوەی متمانەی پەرلەمانی: شەرعییەتێکی ناوخۆیی (لە ڕێگەی دژە گەندەڵی) و شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی (کە ترەمپ بۆی فەراهەم کردووە).
• سەرەڕای گرنگیپێدانی ئیدارەی ترەمپ، هێشتا زووە قسە لەسەر سەرکەوتنی ڕەها بکرێت؛ چونکە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، حکوومەتی سوودانییش ١٨ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی لە واشنتۆن واژۆ کرد، بەبێ ئەوەی زۆربەیان ڕووی پراکتیکی ببینن.
• هەرچەندە کێبڕکێی توندی ئەمریکا، ئێرانی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بەرەو لاوازیی ڕێژەیی بردووە، بەڵام تاران هێشتا کەرەستە عەقیدەیی و سەربازییەکانی پاراستووە و وەک کارتێکی گوشار بەکاریان دەهێنێت.
بەپێی كۆتا ئەنجامگیری شرۆڤەكەی "خانەی هزریی كوردستان" دا چارەنووسی دۆسیە سەرەکییەکانی عێراق، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە دەرەنجامی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران. تا ئەو ململانێیە (چ بە شەڕ یان بە دانوستان) یەکلا نەبێتەوە، ڕەوشی عێراق لە ناوچەیەکی “خۆڵەمێشی” و ناسەقامگیردا دەمێنێتەوە.
دەقی پەیپەرەكە لەم لینكە بخوێنەرەوە:
https://www.zamenpress.com/Detail_wtar.aspx?jimare=8171