وەڵامێکی دەستوری و یاسایی بێدەنگی لە ئاست گۆڕینی دیموگرافی، بازرگانیکردنە بە ئایندەی کوردستانەوە
7/19/2026 12:26:00 AM
حەسەن ئەمین
بەشی یەکەم :
بەڕێزان ...
دامەزراوەی ڤیم لە شاری سلێمانی، دیبەیتێکی نیشتمانی لەژێر ناونیشانی «کوردستان لە بەردەم گۆڕانی دیمۆگرافیدا» لە نێوان چاودێری سیاسی (ئەبوبەکر هەڵەدنی) و سەرمایەدار (یاسین مەحمود ڕەشید) ساز کرد.
لەم چالاکییەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و خەمخۆران، بەشداربووان تیشکیان خستە سەر مەترسییەکانی کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد و هاوسەنگکردنی پرسی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی عەرەب لە نێوان ئاسایشی نەتەوەیی و گەشەی ئابووریدا.
دیبەیتەکە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (٩ / ٧ / ٢٠٢٦) لە هۆڵی دامەزراوەی ڤیم بەڕێوەچوو و گفتوگۆیەکی ڕاشکاو لەسەر پاشەڕۆژی پێکهاتەی دیموگرافیی هەرێم کرا.
لەبەر ئەوەی کاک مەلا یاسین وتی من بەیاسا قسە دەکەم.
ئێمەش وەڵامێکی دەستوری و یاسایی دەدەینەوە:
ئازیزان ...
کاتێک پرسی نیشتەجێبوونی لێشاوی نەتەوەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان دەبێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر قەوارەی سیاسی و ناسنامەی نەتەوەییمان، دەرکەوتنی هەندێک دەنگ و تێڕوانینی بازرگانی یان سیاسی کە دەیانەوێت ئەم مەترسییە ستراتیژییە بچووک بکەنەوە و وەک «وەبەرهێنان»، یان «بووژانەوەی ئابووری» یان «ئازادی هاووڵاتیبوون» وێنای بکەن، نەک هەر تێنەگەیشتنە لە یاسا، بەڵکو یاریپێکردنە بە چارەنووسی گەلێک.
وەڵامی ئێمە بۆ ئەم جۆرە تێڕوانینانە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەوەستێت:
یەکەم : ئابوورییەک کلتور و خاک وێران بکات، بازرگانییەکی دۆڕاوە
گۆشەنیگای «مەلا یاسینەکان» کە تەنها لە ڕوانگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو، پڕبوونی گیرفانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان، و جووڵەی بازاڕەوە سەیری پرسەکە دەکەن، دیدگایەکی کورت مەودایە. چونکە:
هیچ وڵات و هەرێمێک لە جیهاندا ئاسایشی نیشتمانی و هاوسەنگیی دیموگرافی خۆی ناکاتە قوربانی بۆ قازانجی کاتیی چەند کۆمپانیایەکی خانووبەرە.
ئەو سەرمایەیەی لەسەر حیسابی گۆڕینی سیمای نەتەوەیی شارەکانی کوردستان بێت، لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە یەکەم قوربانی دەستی خودی ئابوورییەکە دەبێت.
دووەم : دەستوور بازرگانیی لەسەر بنەمای گۆڕینی دیموگرافی قەدەغە کردووە .وە ئەوانەی دەیانەوێت پەرژینی یاسایی بۆ ئەم لێشاوە دروست بکەن، با چاوێک بە **ماددەی ٢٣ (سێیەم/ب)**ی دەستووری عێراقدا بخشێننەوە کە بە ڕوونی دەڵێت: «خاوەندارێتی بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی قەدەغەیە».
دەستوور لێرەدا جیاکاری نەکردووە لە نێوان ئەوەی گۆڕانکارییەکە بە زەبری چەک بێت یان بە هێزی پارە و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون بێت ؛ وە هەر پڕۆسەیەک سیمای دیموگرافی ناوچەیەک بگۆڕێت، لە ڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە و نادەستوریە.
سێهەم : بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نەتەوەیی
هەرێمی کوردستان هێشتا لەژێر کاریگەرییەکانی برینی تەعریبی ڕابردوودا دەناڵێنێت و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ڕێگەدان بە شەپۆلێکی نوێی نیشتەجێبوون لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، خزمەتکردنە بە ئەجێندایەک کە دەیەوێت قورسایی و پێگەی دەستووریی هەرێمەکە لە هاوکێشە فیدراڵییەکاندا لاواز بکات.
ئەزیزانم ...نیشتمان پەروەران ...
پاراستنی ناسنامەی کوردستان ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی و نەتەوەیی هەموو تاکێکی ئەم نیشتمانەیە. پێویستە خاوەنکاران، وەبەرهێنەران و دەسەڵاتدارانیش بزانن کە هێڵی سوور، پاراستنی خاک و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستانە، نەک ڕەزامەندکردنی هێزە سیاسییەکانی بەغدا و پاساو هێناننەوە بە یاسا و بازرگانیکردن بە پاشەڕۆژی نەوەکانمانەوە.
وە لێرەدا ...بەڕێز و پێزانینەوە، دەستخۆشی لە هەڵوێستی مکوڕ و خەمخۆرانەی مامۆستا ئەبوبەکر هەڵەدنی دەکەین . ئەو وەک کەسایەتییەکی دیاری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشوو، هەمیشە دەنگێکی بوێر بووە لە بەرگریکردن لە ناسنامەی نەتەوەیی و دەستووریی هەرێمی کوردستان.
وەبیری هەموان دێتمەوە کە ...
((مەزادکردنی خاک بە بێگانە لەژێر پەردەی بازرگانیدا، برینێکی مێژوویی قووڵە لە جەستەی نیشتمان و بازرگانیکردنە بە پاشەڕۆژی نەوەکانمانەوە. ))
لەبەشی دووەمدا باسی ئەرکی لایانە سیاسێکان و حکومەتی هەرێم و داواکاری گشی دەکەین .
ان شاءالله وتعالى
حەسەن ئەمین موحەمەد ئەمین بەرزنجی
مامۆستا لەزانکۆی سەڵاحەدین کۆلێژی یاسا