سهبارهت بهبهنزین ئهمڕۆ لهبهغداوه بڕیاردرێت
11:48 - 26/08/2026
زەمەن_هەواڵ
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکانی هەرێم بۆ پرسی تەرخانکردنی بەنزین کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی بەدواداچونی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لیژنەکەی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە و سبەی پێنجشەممەش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
وتیشی: گوێ لە بۆچوونی هەردوولا دەگرن تاوەکو چارەسەرێکی گونجاو بدۆزنەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەکە ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە ئێوارەی سبەی پێنجشەممە لیژنەکە راپۆرتی خۆی بنووسێت و بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی بەرزبکاتەوە.
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار عامر عەبدولجەبار و ئەندامێتیی 7 پەرلەمانتاری دیکە پێکهێندراوە، کە بریتین لە جاسم عەتوان، سیپان شێروانی، عەلی شەداد، غالب محەممەد، کاوە عەبدولقادر، گوڵسەن محەممەد و محەممەد عەربود.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٧ی تەمووزی مانگی ڕابردوو لیژنەی نەوت، گاز و سەرچاوە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتیی دا بۆ بەدواداچوونی تەرخانکردنی رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان. ئامانج لەم هەنگاوەش دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو.