شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هیوادارم یەکێتییەکەی ئەمڕۆ رەنجی 51 ساڵەمان بە بادا نەبات
04:04 - 01/06/2026
زەمەن_هەواڵ
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵیادی یەکێتیدا دەڵێت: "هیوادارم کە بیرێکی جدی لە کارا کردنەوەی ئەو پەرلەمان و حکومەتە بکاتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی یەکێتی هاتە ئاراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پیرۆزبایی یادی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لە هەموو ئەو ئازیزانە ئەکەم کە لە شەوەزەنگا بە دامەزراندنی یەکێتی بوونە تروسکایی ئومێد بۆ گەلە بەشمەینەتەکەمان، ئەوانەی یەکێتیان گەیاندە لوتکە، ئەوانەی لە ئاشتیا کۆتری سپی و شنەی با بوون و ئەوانەی لە شەڕیشدا پڵنگ و رەشەبا، ئەوانەی کە بە فیداکاری و چاونەترسی و قوربانیدان و خوێن یەکێتیان کردە حزبی شەهیدان، ئەوانەی کە لەتە نان و خانووە قوڕەکانیان پێشکەش بە پێشمەرگەکانی یەکێتی کرد ئەوانەی لە ژێر ئەشکەنجەدا ورتەیان نەکرد، ئەوانەی ئەو مێژووە پڕ سەروەرییەیان بۆ یەکێتی تۆمار کرد".
ئاماژەی بەوەکرد، "هیوادارم یەکێتیەکەی ئەمڕۆ خوێن و رەنجی پەنجا و یەک ساڵەی شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان و شۆڕشگێران و زیندانیانی سیاسی و شەهیدانی زیندوو و پێشمەرگە و رێکخستنە دێرینەکان و ژنانی ماندوو و کادیر و ئەندامانی بە ئەمەکی خۆی لەیاد نەکات".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "هیوادارم کە بیرێکی جدی لە کارا کردنەوەی ئەو پەرلەمان و حکومەتە بکاتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی یەکێتی هاتە ئاراوە، هیوادارم رەنجی پەنجاو یەک ساڵەمان بەبادا نەبات و لە ئاست خواست و داواکاری و چاوەڕوانی خۆم و خەڵکە چاوەڕوانەکەیدا بێت و رێز لە مێژووە پڕ سەروەرییەکەی حزبەکەی بگرێت".