14 کوردستان

بەغداد بۆ هەرێم؛ نابێت داهاتی نانەوتی لە ٥٠ ملیار کەمتر بێت

01:56 - 27/04/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزارەتی دارایی عێراق مەرجی ناردنی داهاتی نانەوتی کە لە مانگی ڕابردوو زیاتر بێت، بۆ ناردنی مووچەی هەرێم داناوە.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥، هەرچەندە، هەرچەندە وەزارەتی دارایی کوردستان چاوەڕێی بڕیاری تەیف سامی بوو بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار، بەڵام ئێستا بەهۆی بڕی پارەی داهاتی نانەوتی کێشە دروست بووە و وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، دەبێت داهاتی نانەوتی لە مانگی ڕابردوو زیاتر بێت.

هاوکات، بۆ ئەم مانگەش هەولێر داوای لە بەغدا کردووە کە ناتوانێت ١٢٠ ملیار دینار بنێرێت و پێوسیتە ئەو برە کەم بکرێتەوە. 

بەپێی زانیارییەکان،  بۆ ئەم مانگەش بەغدا نەرمی نواندووە کە ١٢٠ ملیار دینار نەنێردرێ، بەڵام بە ٤٣ ملیار دیناریش ڕازی نابێت وەک ئەوەی بۆ مانگی سێ خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عیراق.

ئێستا گفتوگۆ دەکرێت، بە پێی ئەو داهاتەی کە ئێستا کۆکردنەوەی دەستیپێکردووە، بڕی پارەکە لە 50 ملیار بۆ سەرەوە بێت و لە 100 ملیاریش کەمتر بێت. کە لەسەر ئەوە رێکەوتن ئەوا تەیف سامی بڕیاری خەرجکردن دەدات و ئەوکاتیش وەزارەتی دارایی کوردستان داهاتی نانەوتی دەنێرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە،  ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وردبینی لیستی مووچە تەواو بوو، بەڵام دوێنێ، جارێکی دیکە پێداچوونەوەی بۆ کرایەوە، بەغدا هیچ تێبینیەکی لەسەر لیستی مووچەی مانگی چوار نەبوو بۆیە تیمی وەزارەتی دارایی کوردستان گەڕانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن