10 کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یادی رۆژنامەگەری راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

01:15 - 22/04/2026

زەمەن - هەواڵ

راگەیەنراوێک لە یادی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا
لە یادی ١٢٨ ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان دەکەین. ئەم ڕۆژە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە تێیدا قەڵەمی کورد وەک چەکێکی مەعریفی لە پێناو چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەری هەڵدا.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، میدیای کوردی لەبەردەم ئاڵنگارییەکی سەخت و هەستیاردایە. لە لایەکەوە، دەستوەردانی سیاسی و هەوڵی لایەنەکان بۆ بەکارهێنانی میدیا وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە، زیانی گەورەی بە بێلایەنی و متمانەی جەماوەر گەیاندووە. لە لایەکی دیکەوە، بەردەوامیی فشارە یاساییەکان، ڕێگریی لە دەستکەوتنی زانیاری و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەری، ژینگەیەکی پڕ لە ترس و سانسۆری دروستکردووە.

 

هاوکات، تەوژمی سۆشیاڵ میدیا و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە، ئەرکی ڕۆژنامەنووسی پیشەیی قورستر کردووە و بنەماکانی ئیتیکی کاری ڕاگەیاندنی خستووەتە مەترسییەوە.

لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە، کە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە تەنها بە کاری پیشەییانە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی میدیا، جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری و پابەندبوونی ڕۆژنامەنووسان بە ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی دەکرێت. پێویستە میدیا ببێتەوە بەو دەسەڵاتە چاودێرەی کە پارێزەری مافە گشتییەکانە، نەک پاشکۆیەکی گوێڕایەڵ و  ئەجێندای حیزبی.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی قەڵەم و هەموو ئەو دەنگە ئازایانەی لە پێناو ڕاستیدا دەجەنگن.

ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی  گۆڕان
گردی زەرگەتە
٢٢ی٤ی٢٠٢٦

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن