بەپەلە... لە سلێمانی نۆرەگرتن بۆ نەشتەرگەری دڵ وەستا
02:32 - 19/04/2026
زەمەن_هەواڵ
بەهۆی تەواوبوونی کەلوپەلە پزیشکییەکانەوە، لە نەخۆشخانەی تەیبەت بەدڵ لە سلێمانی، نۆرەی نەشتەرگەرییە ئاساییەکان ڕاگیراوە و تەنیا حاڵەتە کتوپڕەکان وەردەگیرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٦، ئێستادا لە نەخۆشخانەی دڵ لە شاری سلێمانی، پرۆسەی نۆرەگرتن بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکانی قەستەرەی دڵ، شەبەکە و باڵۆن بە تەواوی وەستاوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە کەلوپەلە پزیشکییە بەردەستەکان کەمبوونەتەوە و تەنیا بەشی حاڵەتە زۆر پێویستەکان دەکات. سەرەڕای ئەم دۆخە، نەشتەرگەری بۆ حاڵەتە کتوپڕەکانی دڵ لە نەخۆشخانەکانی دڵ و شار بەردەوامە و ڕۆژانە لەنێوان 12 بۆ 15 نەشتەرگەریی لەو جۆرە ئەنجام دەدرێت.
لە بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری سەرەکی وەستانی ئەو نەشتەرگەریانە بۆ گرفتێک لە گرێبەستێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەگەڕێتەوە کە تەندروستی سلێمانی گرێبەستێکی بۆ ماوەی دوو ساڵ (بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو) لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆ کردووە تاوەکو کەلوپەل و پێداویستی پزیشکی بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە دابین بکات. بڕیاربووە کۆمپانیاکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەست بە دابینکردنی پێداویستییەکان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی ڕادەست نەکردووە.
هاوکات، نەخۆشخانەی دڵ لە سلێمانی بەهۆی نەگەیشتنی کەلوپەلەکان، چەندین جار بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئاگادار کردووەتەوە و لە بەرامبەردا، کۆمپانیای دابینکار هۆکاری دواکەوتنی بارەکانی بۆ بارودۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە گەڕاندووەتەوە، بەتایبەت گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە بووەتە هۆی ئەوەی بارەکان لە دەرەوە نەگەنە هەرێمی کوردستان.
هەربۆیە، کەلوپەلەکان تەنیا بۆ حاڵەتە فریاگوزارییەکان (کتوپڕ) تەرخان کراون، ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە نەشتەرگەری ئاسایی هەیە لە نۆرەکاندا ماونەتەوە و کارەکانیان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. ئەم دۆخە گوشاری زۆری لەسەر نەخۆشخانە حکومییەکان دروست کردووە، چونکە ناتوانن وەڵامی داواکاری هەموو ئەو نەخۆشانە بدەنەوە کە نۆرەیان بۆ دانراوە.