سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی هێرشەکانی هەرێمی کوردستانی گرتە ئەستۆ
01:42 - 19/04/2026
زەمەن_هەواڵ
سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕاگەیاند کە کرانەسەر بارەگاو کەمپی نیشتەجێبونی حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان لەسنوری پارێزگاكانى هه‌ولێرو سلێمانى.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٦، فەرماندەیی (حەمزەی سەیدولشوهەدا)ی سەر بەهێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران لەبەیاننامەیەکدا جەختیکردوەتەوە، بەفەرمانی ئەوان‌و لەڕێگەی درۆنی وردپێکەوە، حەشارگەی هێزەکانی (حزبی دیموکرات) لەناوچەکانی (جه‌ژنیکان)و (بالیسان)و له‌هه‌ولێرو (سورداش) له‌سلێمانى کراونەتە ئامانج.
بەپێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى سوپاى پاسداران، ته‌نها ئاماژه به‌شه‌هیدانى كه‌مپه‌كه‌ى حزبى دیموكرات كراوه‌و نوسیویه‌تى، لەو هێرشه‌دا سێ کەس کوژراون‌و پێنجى دیکەش برینداربون.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ناوخۆییەکان‌و بەرپرسانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، دیمەنێکی تراژیدیتر دەخەنەڕوو، له‌و ڕوه‌وه کەریم پەروێزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو حزبە وتویه‌تى، "قوربانییەکانی ئەو په‌لاماره تەنها پێشمەرگە نەبون، بەڵکو خوێنی منداڵێکی بێتاوان‌و دوو پێشمەرگە لەکەمپەکانی جه‌ژنیکان و بالیسان ڕژاوە".