مەسرور بارزانی: ئێمە بەشێک نین لەم شەڕە، بەڵام بە توندترین شێوە هێرشمان دەکرێتە سەر
01:28 - 18/04/2026
زەمەن_هەواڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و ڕایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی هەرێم بەشێک نییە لەو ململانێیانە، بەڵام کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج کەس شەهید بوون.
ئەمڕۆ شەممە، ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کاتێکدا هەوڵی ئاگربەست و دانوستان دەدرێت، بەڵام هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن و بەهۆی ئەم هێرشانەی چەند ڕۆژی ڕابردووشەوە، پێنج کەس شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون، ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی لای حکومەتی هەرێم دروستکردووە.
دەشڵێت: "ئەم هێرشانە تەنها بۆ زیانگەیاندن نییە، بەڵکو هەوڵێکی ئاشکران بۆ تێکدانی ئاگربەست و نانەوەی پشێوی زیاتر لە ناوچەکەدا".
جەختیشیکردەوە کە هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لەو شەڕە، بەڵام بەردەوامیی هێرشەکان مەترسییەکی گەورەن.
سەرۆکی حکومەت، پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کرد و داوای لێکردن، ڕێوشوێنی کردەیی و خێرا بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە. هاوکات داواشی لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کرد، هاوکاری هەرێمی کوردستان بن و کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی خەڵک و ژێرخانی وزەی کوردستان دابین بکەن، تاوەکو بتوانرێت ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە بەردەوامانە ببنەوە.