سەرکۆمار و بەڵامێک
4/15/2026 2:20:00 PM
شوان داودی
دوای 6 مانگ لە هەڵبژاردنی
خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی چوار مانگ لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ ،
مانۆڕێکی دوورودرێژ لە ململانێی حزبی تەسک ، کێشمەکێشی سیاسی کورتبین ، خۆبەزلزانین و لوتبەرزی پارتی و یەکێتی، دواجار
لە ڕۆژی شەممە 11ی نیسان ئەو پۆستە لەلایەن هێزە عێراقییەکانهوه بۆ بەرژەوەندی
کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکلایی کرایەوە ، بەمەش یەکێتی جارێکی تر و بۆ چوار ساڵی ئایندە
ئەو پۆستەی بەدەستهێنایەوە.
لەم خولەدا بەندە وەک
کاندێکی ئەو پۆستە لە ناو گۆڕەپانی یارییەکەدا بووم لە نزیکەوە کەم تا زۆر ئاگاداری
جموجۆڵ و هاوکێشەکان و گۆڕانکارییەکان
بووم و ڕاو بۆ چوونی هێزە سیاسیە عێراقییەکانم دەزانی.
بۆیە زۆر نائومێدبووم
لەوەی یەکێتی و پارتی لایەکیان لە کەلی شەیتان بێنە خوارەوە سازش بۆ یەکتر بکەن ،
لە کاتێکدا نزیکهى ساڵ و نیوێکە نەیانتوانیوە پەرلەمانی کوردستان کارا و حکومەتی
هەرێم تازە بکەنەوە ، دیار بوو ئەو پۆستەش بە دەردی ناوچە جێناکۆکەکان ئەبەن.
یەکێتی و پارتی گەر لە
سەر هەموو شتێک ناکۆک بان ، دەبوایە لەپرسی ناوچە جێناکۆکەکان و پۆستی سەرۆک کۆماردا
تەبا بن و سودیان لە ئەزمونی ڕابردوی شکست و لوتشکانی عینادی سیاسی وەرگرتبا.
لە بری قۆڵبادانی یەکتر
و ملدان بۆ نەیارەکان پێکەوە دەیانتوانی قۆڵی نەیارەکان بادەن و ملکچەیان بکەن.
لەم دۆخە هەستیارەی ئێستا
کە ڕەسمی جیۆسیاسی ناوچەکە لەبەردەم داڕشتنەوەی نوێدایە ، بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی
پارتی و یەکێتی دروستیان کردوە، دۆخی کورد لەو پەری مەترسیدایە.
ڕاستە ئێستا پارێزگار
لە کەرکوک کوردە بەڵام لە ژێر هەژمونی شیعەدایە ، گەر پارتی و یەکێتی سازشیان بۆ یەک
کردبا و پێکەوە بۆ پرسی ناوچە جێناکۆکان تەبا بان پارێزگاری کەرکوک بۆ سەردانێکی هەولێر
ئاهی هەڵندەکێشا.
لە پرسی سەرکۆماریشدا
ئەو پۆستە لەگەڵ ئەوەی پارێزەری دەستورە
،هێمای بەشداری کوردە لە دەوڵەتی عێراق و
پرۆژە سیاسیەکەیدا ، گەر پێکەوە لەوێ باین
نەیارەکان نەیاندەتوانی لە درزی نێوانمانەوە بێنە ژورەوە و ببنە هاوبەشمان و لەگەڵماندا
برابەش دابەشی کەن.
ڕاستە یەکێتی جارێکی
تر پۆستەکەی بردەوە ، بەڵام بردنەوەیەک بە تامی دۆڕان.
بۆیە لێرەدا من پرسیارێک
دەکەم و پرسیارەکەم بۆ یەکێتی و پارتی و هەموو کوردە ، شەراکەتی یەکێتی و پارتی
باشە یان شەراکەتی حەلبوسی و خەزعەلی و
کلدانی و عامری و مالکی هتد..
لە کەرکوک یەکێتی و
پارتی لە یەک بخۆن باشە یان سوننە و شیعە لە کورد بخۆن.
لە بەغدا کەسێک بە ڕەزامەندی
هەردوولا ببێتە سەرۆک باشە نوێنەرایەتی هەمووان بکات، یا حەلبوسی وخەزعەلی و کلدانی
ببنە شەریکە بەشی کورد لەو پێگەیدا؟
وەڵامەکەی بۆ ویژدانی
خۆتان جێ دەهێڵم.