هەنگاوی کرداری بۆ مووچەی مانگی (٤)یش دەستیپێکرد
01:33 - 16/04/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی ئاشکرایکرد، ٩٠٪ی کارەکانی، لیستی مووچەی مانگی چوار تەواوکراوە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەموو کارەکان تەواو دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦، یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، ڕایگەیاند: سیستمی پەیڕۆڵ بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی چوار کاراکراوە، ٩٠٪ی کارەکان تەواوبوون و لەلایەن گەنجینەکانەوە وردبینی بۆکراوە و پەسەندیش کراوە.
وتیشی، لەکۆی زیاتر لە ٥٧٠ بەڕێوەبەرایەتی تەنیا ١٨یان کارەکانیان بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە تەواونەکراون کە ئەمڕۆ پێنجشەممە کاری ئەوانیش تەواودەبێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە بایۆمەتریی هەولێر پێیڕاگەیاندین: زۆرینەی کارەکانی لیستی مووچە تەواوکراون، بەڵام تەواوبوونی ١٠٠٪ی دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.