دیداری پڕۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ
04:36 - 10/02/2026
زەمەن:-
ناوەندی ڕۆشنبیری دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ لە ڕۆژانی ٢٣-٢٠٢٦/١/٢٤ دیدارێکی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری دوو ڕۆژەی بەڕێوەبرد بە بەشداری ئەکادیمیست و توێژەران و کەسایەتییە ڕۆشنبیرییەکان.
دیدارەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بە وتارێکی دەستپێک لەلایەن بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیری د. عیزەدین بە فەرمی کرایەوە، کە تیشکی خستە سەر گرنگی میراتی د. عیزەدین و کاریگەرییەکانی لەسەر پڕۆسەی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری کوردی. دیدارەکە هەشت پانێلی لەخۆگرتبوو، هەر پانێلێک بە شێوەیەکی جیاواز لەسە ژیانی د. عیزەدین و بەشدارییە زانستییەکانی، بڵاوکراوەکان و کتێبەکانی، هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی لە گەشەسەندنی زمان و پەروەردەی کوردی لە کوردستاندا خرایەڕوو.
لە ڕۆژی یەکەمدا فیلمێکی بەڵگەیی لە بارەی ژیانی پێشکەشکرا، کە ساتەوەختە گرنگەکانی گەشتی ئەکادیمی و کەسی دکتۆر عیزەدینیان خستەڕوو، تێیدا سەرچاوەی زانینەکانی ژیان و ئەزموونی بەهەشتی بە بیری ئامادەبووان خستەوە. بە هەمان شێوە لە ڕۆژی دووەمدا فیلمێکی تر لە گۆشەیەکی جیاوازەوە لە بارەی ژیان و ئەزموونی نووسینی د. عیزەدین تا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی نیشانی ئامادەبووان درا.
ئەم دیدارە بۆ ڕێزلێنان لە یادی دکتۆر عیزەدین و دووپاتکردنەوەی پاراستن و درێژەدان بە میراتی ئەکادیمی و فەرهەنگی ئەو زانا گەورەیە بەرز ڕاگیرا و جەخت بوو لەوەی کلیلی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی کوردی بە ئەمانەتەوە بدرێتە دەستی نەوەی داهاتوومان.