رێنمایی بۆ خانەنشینان بۆ مووچە
12:56 - 09/02/2026
زەمەن - هەواڵ
فریاد فاخر، بەڕێوەبەری بانکی سەروەران لە شاری هەولێر ڕایگەیاند : “بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی خانەنشینان، دەبێت خانەنشین خۆی ئامادە بێت، ئەگەرنا مووچەكەی پێ نادرێت، ئەوە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بانكەكانی وەزارەتی داراییە”.
ئاماژەی بەوەشدا: “ساڵانە لە سەرەتای مانگەوە بۆ ئەوەی بزانین كێ لە ژیاندا نەماوە، بەتایبەت خانەشینان، دەبێت خۆیان لە بانك ئامادە بن”.
باسی لەوەشکرد: “بۆ مووچەی مانگی یەك كار بە بریكارنامە ناكرێت، واتا ئەوانەی بریكاریان داوەتە كەسێكیان بۆ وەرگرتنی مووچەیان، لە مووچەی مانگی یەكدا كار بەوە ناكرێت، دەبێت مووچەخۆرەكە خۆی ئامادە بێت”.
بەڕێوەبەری بانکی سەروەران سەبارەت بەو خانەنشینانەی لەدەرەوەی وڵاتن وتی: “ئەوەی لەدەرەوەی وڵاتە دەبێت بەڵگەژیانی خانەنشین (بەرحەیات)ی بهێنێت، ئەگەرنا مووچەی ئەوانیش خەرج ناكرێت”.
نزیكهی 300 ههزار خانهنشین له هەرێمی کوردستان ههن و بەشی زۆریان مووچەیان لە بانكەكان دابەش دەكرێت و بەشێكیشیان لە رێگەی كارتی (هەژماری من)وە مووچەیان پێ دەدرێت.