هاتووچۆی هەولێر کامێرای تایبەت بە نەبەستنی پشتێن و مۆبایل دادەنێت؟
03:56 - 02/02/2026
زەمەن_هەواڵ
هاتووچۆی هەولێر دەنگۆی دانانی کامێرای تایبەت بە مۆبایل و پشتێنی سەلامەتی رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "هیچ کامێرایەکی لەو شێوەیەمان نییە."
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی شوباتی ٢٠٢٦، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دانانی جۆرە کامێرایەکی نوێی چاودێری لەسەر رێگەی بەحرکە لە هەولێر، کە تایبەت بێت بە تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی "بەکارهێنانی مۆبایل" و "نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی"، عەقید هێمن ئەمین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: "لە ئێستادا هیچ کامێرایەکمان لە کاردا نییە کە تەنیا بۆ مەبەستی تۆمارکردنی سەرپێچیی خۆنەبەستنەوە (پشتێنی سەلامەتی) یان بەکارهێنانی مۆبایل بێت."
سەبارەت بەوەی ئەو سەرپێچییانە چۆن هەژمار دەکرێن، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر روونی کردەوە، ئەو سەرپێچییە کاتێک تۆمار دەکرێت شۆفێرەکە تیژڕەویی بکات و وتی: "ئەگەر شۆفێرێک سەرپێچیی تیژڕەویی بکات و لەو کاتەدا کامێراکە وێنەی بگرێت، ئەگەر لەنێو وێنەکەدا دیار بێت کە شۆفێرەکە مۆبایلی بەدەستەوەیە یان پشتێنی نەبەستووە، ئەو کاتە ئەو سەرپێچییانەشی بۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام کامێرایەک تەنیا بۆ ئەو مەبەستە دانرابێت، بوونی نییە."