13 کوردستان

“کەشتییە گەورەو بەهێزەکانمان بەرەو ئێران دەچن، هیوادارم ناچار نەبین بەکاریان بهێنین”

11:35 - 30/01/2026

زه‌مه‌ن - هه‌واڵ

لە کاتی چوونی بۆ ڕێوڕەسمی نمایش کردنی فیلمی “Melania” کە بۆ هاوسەرەکەی بەرهەمهێندراوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ دیدارێکی لەگەڵ ئێراندا هەبووە یان پلانی بۆ داناوە؟ ترەمپ وتی: “دیدارم ئەنجام داوە و پلانیش بۆ دیدار دادەنێم”.

ترەمپ هۆشداریی دا بە حکوومەتی تاران و، وتی: “لە ئێستادا کەشتی زۆر گەورە و زۆر بەهێزمان بەرەو ئێران بەڕێوەن. زۆر باش دەبوو ئەگەر ناچار نەبووینایە بەکاریان بهێنین”.

وتیشی: “دوو شتم پێ وتن؛ یەکەم چەکی ئەتۆمی نابێت، دووهەم کوشتنی خۆپیشاندەران ڕابگرن. هەزاران کەس دەکوژن. دوو هەفتە پێش ئێستا ڕێگرییم کرد لە جێبەجێ کردنی ٨٣٧ سزای لەسێدارەدان، بەڵام ئێستا پێویستە ئەوان هەنگاوێک بنێن”.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پلانی بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی ھاریکاریی نوێ لەگەڵ چین، ڕایگەیاند: “ئەنجامدانی ئەمە بۆ ئەوان زۆر مەترسیدارە. لەوەش مەترسیدارتر بۆ کەنەدایە کە بازرگانی لەگەڵ چین بکات. کەنەدا لە ئێستادا دۆخی باش نییە”.

هاوکات ترەمپ هەڕەشەی لە کوباش کرد و ڕایگەیاند: “دەبێت هەست بە ناخۆشی بکەن بۆ کوبا. کوبا مامەڵەیەکی زۆر خراپ لەگەڵ گەلی خۆی دەکات. هەوڵ نادەم کوبا بخنکێنم، بەڵام ئەگەری زۆرە هەر خۆیان نەتوانن بمێنن”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن