. سەرنجە پرسیارێک و ، وەڵام گەلێکی بە ئازار؟!.
1/27/2026 11:10:00 AM
نەبەز جەلال
ئایا
کورد بەشی خۆی وەردەگرێت ؛ یان دەبێتە بەرە بەشی زلهێزێکی دیاریکراو.؟
گەر لەگەڵ ئەم دۆخە سەپاو و سەلماوەی ئێستای
ناوچەکەدا بدوێن. دەبینین بەرە بەشی وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی دەرەوەی خاوەن سنورەکان،
مافی زیاتریان بۆ دەستەبەرکراوە لە جێ نشینانی ناوچکە!
ئەم دابەشکردنی پارچە بەشانەی بەزۆرە ملێ و زوڵم
دەستیان داوەتێ ئاکامەکی ڕآکێشانی خوێنی زیاتر و قوربانی بەخشینی زۆرترە بۆ ئایندە
و ، پێماندەڵێن ئارامی بۆ گەلانی ناوچەکە کۆتایی هات و دۆخی شەڕی سارد و داگیرکاری
تا کۆتایی ئەم قۆناغەش جێگیر و چەسپاوە کە مەوداو بەردەوامییەکەی نادیارە.
عێراق و ئوردن و میسریش وەک پشتێنەی ئاسایش و تەواوکاری بازنەی یەکەم دوای لوبنان و سوریا دەچێتە بەردەم
هەمان هەنگاوی نەخوازراوەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە بەناو ئاشتییەکەی ناوچەکە بۆ سەقامگیری.
لە ئێستادا لە چەند لایەکەوە خەریکی کنە و هەڵکۆڵینی
عێراقن ، هەڕەشەکان و پێکهاتەی بەکارهێنانی ئەم ئۆپراسیۆن و گێژەڵوکە ڕاستەوخۆیە
ترسناکن ، کەرەستەکانی شەڕی ناوخۆ و فشاری ڕاگرتنی پارەو سامانی سەرخان و ژێرخان و بزواندنی هەستی تیرەو
خێڵ و مەزهەب و ناوچەکانی عێراق لەو چەمکە سەرەتایی و سەرداوی گڵۆڵە ئاڵۆزەن کە خوێن
تا بن لوتی عێراق نشینەکان هەڵئەهێنجێ.!
بێگومان هەرێمی باشوری کوردستان لەم گێژەڵوکەیەدا بەر شەڕی بەرگری مانەوە و خۆپارێزی
دەکەوێت.
بە هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستا کوردی تێکەوتووە دەست
لە هەندێک وردەکارییەکان دەپارێزم. کە پێم وایە هەموان ئەو پریشک و تەڵزم و تەڵاشانەی
سەر جەستەی کورد دەبینن کە بە پلار و تەوس و قوڵپەوە رۆژانە ڕوو بە ڕومان دەکرێتەوە و لێی بێدەنگین.!
لە دۆخی شەڕدا:.
ئەگەر ئێمە بەرگریمان کرد و ماینەوە لە سنوری دەسەڵاتی
خۆسەلماندندا هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکرێت یان جیاوازترە لەو سنورەی کە موڵکی کوردو
لەسەر خاکی کوردستانە.
بە کورتی ئەوەی خەونی تورکیا و هەوڵەکانی لێکبداتەوە
بەوە دەگات کە ئامانجیان لە هاوپەیمانی ناوچکە جگە لە مانەوەی خۆیان بردن و بەشە وەرگرتن
و هێنانەوەی زۆرەملێیانەی دەسەڵاتی کۆنی ویلاتی
موسڵە بە شاری کەرکوکەیشەوە.
کە ئەمە دەمانخاتە بەر گریمانەکانی ڕوو بە ڕوو
بوونەوەی گریمانەکان.
گریمانەی یەکەم :
گەر دەسەڵاتدارانی زلهێزی ناوچەکە ویستی تورکیا
پەسەند بکەن و دەسەڵاتەکە بدەنە دەست تورکیا ؛ کورد دەکەوێتە بەردەم دوو هەڵوێستە ڕێگا.
یەکەم : ڕێگای شەڕ، شەڕی ڕاستەوخۆی ڕووبە ڕوو
بونەوەی داگیرکاری تورکیا یان ناڕاستەوخۆی دۆستەکانی تورکیا و گروپە دروستکراوەکانی
دەستی دووی بەرکەوتەی سنورەکانی هەرێم و خۆ لە گێلیدانی دەسەڵاتە زلهێزەکان هاوپەیمانی
تورکیا لەم شەڕە؛ هەر وەک دۆخی ئێستای رۆژئاوای وڵات.
ئایا لەم ڕووبەڕوونەوەیەدا کورد یەکگرتوو هاو هەڵوێست
ئامادەیە بۆ ئەم شەرە. وە ئەنجامەکەی چۆن هەڵدەسەنگێنێت و دۆخی باشور دەکەوێتە کام
سەنگەری بەرگری زلهێزەکانەوە بۆ خۆ سەلماندن و مانەوەو تەسلیم نەبوون بەم داگیرکارییە.
دووهەم: ڕێگای خۆ بەدەستەوەدان و خۆپارێزی ئاشتی
یان هەر جۆرە پاساوە ناوێک بۆ ئەم دەسەڵاتەی کە تا ئێستا پەرلەمانێکی پوختی بەو هەموو
ساڵ و ئەزمونی خەباتەوە بۆ دروست ناکرێ!
بەم جۆرە و بە فشار دەسەڵاتەکە دەکەنە ناوەندی
بڕیاری سەپێنراو و بە ئاشتییەکی سورەی پێش لەشکرانەوە دێنە ناوچەکەو بۆ قۆناغێکی
نادیار داگیری دەکەن.
ئەم داگیرکارییەش خوێن کێش و دژوار و سەخت و پڕ
قوربانی دەبێت بۆ ناوچەکەو بەرەی دژ بەم داگیرکاری و خۆ بردنە پێشی تەسلیم بوون و
خۆ گرێدانە بە داگیرکاری دروست دەبێت ؛ وڵاتانی درواسێش هاوتەریب لەگەڵ لێدانی ئەم
دۆخەدا گرژیەکان زیاتر و ئاڵۆزتر دەکەن تەنانەت ئەگەری شەڕی بەرکەوتنی قورسی وڵاتانی
درواسێ دەکەوێتە ناوچەکەوەو لێرەوە کورد دەبێتە سوتەمەنی جەنگ و قوربانییە گەورەکە.
بەرخۆرانیش وەک هەمیشە چەپڵەی بوێریمان بۆ لێدەدەن و فوو دەکەنە جەستەی جەنگاوەرە
ئازاکەی کورد و کوانوی ئاگری شەڕیش بە خوێنی کورد جۆش دەدەن. شیرازەو ڕێچکەی بوونی
هەرێمەکەشمان قووت دەدەن.
گریمانەی دووهەم :
دەسەڵاتێکی تر جگە لە تورکیا وەک بەرە بەشی رۆژئاوای
کوردستان بە فەڕەنسا یا هەر وڵاتێکی تر بمان پارێزێ.
ئایا کورد لەم سنورەی ئێستا زیاتری بۆ دانانرێ
، کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەچنەوە سەر هەمان دۆخی کێشەکان و بە هاوبەشی دانیشتوانەکانی
دەبرێن بەڕێوە یان کورد ووتەنی : لەدوای چووان نەچین و بێدەنگ بین تا زەمانێکی تر.
لێرەدا با ئەم ئەگەرە نوێییە تاقی نەکراوەیە هەڵگرین
بۆ کاتی ڕودانی. کە من وا تێدەگەم بۆ ئێمە باشترین بژاردەی ڕوودانە گەر نەگاتە شەڕی
هەرە زلهێزەکان و کاولکاری ناوچەکە.
بەگشتی و کورتی : جۆن دەتوانین ئەم هەرێمە لەم
شەڕە نەگریس و جاڵجاڵۆکەیی ڕزگار بکەین ئەو پەرت بوون داڕزان خۆ خۆرییەی توشمان
بووە چارەسەر بکەین تا بتوانین بۆ قۆناغەکانی داهاتوو خەڵکی کوردستان ئامادەو ساز
بن بۆ هەر پێشهاتێک کە ئەگەری بەرەو پێشچوون و سەرکەوتنی زیاتری تیا دەستەبەر ببێت
و وەک گەلێکی یەگرتوو پێکەوە لەسەر خاکی خۆمان بە ئازادی بژین.