مالیکی، وەڵامی ترەمپی دایەوە و دەڵێت، بەتەواوی دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری عێراق ڕەتدەکەینەوە.
02:00 - 28/01/2026
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا
و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێکدا “دەستوەردانی
ئاشکرا”ی ئەمریکای لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتکردەوە و بە “پێشێلکاریی سەروەری”
و “دەستدرێژی” ناوی برد.
مالیکی لە پەیامەکەیدا، کە لە هەژماری فەرمیی خۆی
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ‘ئێکس’ بڵاویکردبووەوە، رایگەیاندبوو: “ئێمە بە توندی دەستوەردانی
ئاشكرای ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق رەتدەکەینەوە. ئەم کارە بە پێشێلکردنی سەروەریی
وڵات و دەستدرێژیکردنە سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی
سەرۆکوەزیران دەزانین”.
جەختی لەوەشکردبووە، زمانی گفتوگۆ لەنێوان وڵاتان
تاکە بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن، نەک پەنابردن بۆ زمانی فەرمان و هەڕەشەکردن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مالیکی پابەندبوونی خۆی
بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتکردەوە و وتی: “لەبەر ڕێزگرتن لە ئیرادەی
نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی، بەردەوام دەبین لە کارکردن تا گەیشتن بە ئەنجام،
بە جۆرێک بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت”.
پەیامەکەی نووری مالیکی لە کاتێکدایە کە “چوارچێوەی
هەماهەنگی”(کە گەورەترین کوتلەی لایەنە شیعییەکانە) بە فەرمی نووری مالیکی وەک
کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان کردووە. ئەم بڕیارە
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕی سەرکردەکانی چوارچێوەکە درا.