عەبدوڵا ئۆجهلان: ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا ئایینی ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە
01:35 - 25/12/2025
زەمەن -هەواڵ
عەبدوڵا ئۆجهلان، رێبهری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)
له پهیامێكدا بۆ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوەی ئیسلامیی میزۆپۆتامیا،
ڕایگهیاند، ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە کە پەیمانی پێکەوەژیانی
باوەڕ و گەلان و کەلتورە جیاوازەکانە، دهشڵێت، "ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا ئایینی
ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەبدوڵا ئۆجهلان له پهیامێكدا بۆ یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی
فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا، ڕایگهیاند، "ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا
ئایینی ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە، ئیسلامی دەوڵەتی فەرمیی یان پێکهاتە جەمعییەکان
کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک ئامرازێکی دەسەڵاتداری و تاڵانکاری بەکاری دەهێنێت،
ئەم جەوهەرەی خۆی لەدەستداوە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی پەیمانی
مەدینە، ئەو پەیمانە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕی، گەل و کولتورە جیاوازەکانە بە ئیرادەی
خۆیان و بێ زۆرەملێیە".
دەقی پەیامەکەی ئاپۆ بەمشێوەیەیە:
“بۆ کۆنگرەی فیدراسیۆنی
لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا
ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا ئاینی ئازادیی، دادپەروەریی و یەکسانییە. ئیسلامی دەوڵەتی
فەرمیی یان پێکهاتە جەمعییەکان کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک ئامرازێکی دەسەڵاتداری
و تاڵانکاری بەکاری دەهێنێت، ئەم جەوهەرەی خۆی لەدەستداوە. ئیسلامی دیموکراتیک گەڕانەوەیە
بۆ ڕۆحی پەیمانی مەدینە. ئەو پەیمانە پەیمانی پێکەوەژیانی باوەڕی، گەل و کولتوورە
جیاوازەکانە بە ئیرادەی خۆیان و بێ زۆرەملێیە. پێویستە بزاندرێت جیهادی ڕاستەقینە
تێکۆشانە دژ بە خۆپەرستی و چەوساندنەوەیە لە ڕێگەی ڕەخنەلەخۆگرتنی بەردەوامەوە. بیرکردنەوەی
شورا لە ئیسلامدا بە مانای عەقڵی کۆلەکتیڤ و بڕیاردانی دیموکراتیکە.
لەجیاتی ئەوەی ئیسلام بکەینە کەرەستەیەکی سیاسی دەوڵەت و گرووپە جیاوازەکان،
با بیخەینە خزمەت ژیانی ئازادی کۆمەڵگایەک کە لەسەر ئەو بنەمایە خۆی بەڕێکخستن
کردووە. ئیسلامی دیموکراتیک شارستانییەتێکی ئەڵتەرناتیڤە (جێگرەوەیە) کە ئازادیی
ژن، هاوسەنگی ئیکۆلۆژی (ژینگەیی) خوشک-برایەتی گەلان بە بنەما دەگرێت. تەنیا ئەم لێکدانەوە
دیموکراتیکە دەتوانێت ببێتە دەرمان بۆ برینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هیوادارین
گفتوگۆکانتان لەو چوارچێوەیەدا سوودبەخش بن بۆ پڕۆسەی کۆمەڵگای دیموکراتیکمان کە دەستمان
پێکردووە.
سڵاو و خۆشەویستی بێکۆتاییم
عەبدوڵا ئۆجالان
ئیمرالی”