سەلاجەی ماڵەکانمان، بۆتە دەرمانخانە!
12/20/2025 3:35:00 PM
شیروان برایم خواز
کاریگەریە ژینگەییەکان و تەندروستیەکانی
لە زۆربەی ماڵەکانی کوردستاندا، لایەکی سەلاجە تەرخانکراوە بۆ کۆمەڵێک دەرمان، حەب و شڕوب؛ کە بەشێکی زۆریان بەبێ ڕەچەتەی پزیشک لە سەیدەلیەکان کڕدراون. لە هەمووی کارەساتبارتر، بینینی سەلاجەیەکی پڕ لە دەرمانە لە تەنیشت خواردەمەنی، کە لە زۆرینەی ماڵەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت؛ ئەمەش چەندین کێشەی زانستی و تەندروستی تێدایە.
ئەوەی زۆربەمان نایزانین ئەوەیە: ئەم دەرمانانە ئەگەر بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، لە دەرمانەوە دەبنە "ژەهر" و لە چارەسەرەوە دەبنە هۆکاری تێکدانی ژینگە و تەندروستیی نەوەکانی داهاتوومان. بە واتایەکی تر، تێکەڵکردنی دەرمان لەگەڵ خواردەمەنی، نەک هەر کوالێتی دەرمانەکە تێکدەدات، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەکەمان.
یەکەم: مەترسییە تەندروستییەکانی ناو ماڵ
وەک باسم کرد، سەلاجەی ماڵ شوێنێکی گونجاو نییە بۆ هەموو جۆرە دەرمانێک. گۆڕانی پلەی گەرمی بەهۆی زۆر کردنەوەی دەرگای سەلاجە، دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتەی کیمیایی دەرمانەکان. بەکارهێنانی دەرمانێک کە ماوەیەکە لە سەلاجەدا ماوەتەوە، نەک تەنها نەخۆشەکە چاک ناکاتەوە، بەڵکو مەترسی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. پێویستە دکتۆرەکان ئەم مەترسییانەمان بۆ ڕوون بکەنەوە و هەڵمەتێکی هۆشیاری ڕابگەیەنن.
1. بەسەرچوونی شاراوە: زۆربەی ئەو دەرمانانەی لە سەلاجەدا دەمێننەوە، ڕەنگە بەرواری بەسەرچوونیان نەمابێت؛ بەتایبەت شڕوب کە زۆربەمان بێئاگایانە بەکاری دەهێنین. کەم ماڵ هەیە سەلاجەکەی پڕ نەبێت لە شڕوبی کۆخە، هەڵامەت، تا و ئازار. وەک لە دکتۆرێکی هاوڕێم پرسی، وتی: «سەلاجە ژینگەیەکی تەڕە؛ کاتێک حەبەکە شێ هەڵدەمژێت، پێکهاتە کیمیاییەکەی دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی تر کە ڕەنگە ژەهراوی بێت یان کاریگەرییەکەی سفر ببێتەوە».
2. بەکارهێنانی هەڕەمەکی (Antibiotics): لەناو خەڵکی ئێمەدا باوە هەر کە تووشی هەڵامەت (پەسیو) بووین، ڕاستەوخۆ دەرمان بەکاردەهێنین بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ لای دکتۆر. کڕینی دژەبەکتریا (Antibiotic) بەبێ پزیشک و بەکارهێنانی بۆ نەخۆشی ڤایرۆسی (وەک ئەنفلۆنزا)، دەبێتە هۆی ئەوەی باکتریاکان بەهێز ببن؛ لە داهاتوودا ئەو دەرمانە کاریگەری نامێنێت و نەخۆشەکە تووشی گرفتی تەندروستی گەورەتر دەبێت، بە جۆرێک ڕەنگە سادەترین هەوکردن بە هیچ دەرمانێک چارەسەر نەکرێت.
3. تێکەڵبوونی ماددەکان: هەڵگرتنی دەرمان لە تەنیشت خواردن، یان گۆڕانی پلەی گەرمی، دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتەی کیمیایی. هەروەها مەترسی بە هەڵە خواردنی دەرمان لەلایەن منداڵانەوە گەورەترین هەڕەشەیە.
بۆچی سەلاجە شوێنێکی هەڵەیە؟
• شێ (Humidity): ناو سەلاجە پڕە لە شێ، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی حەب و کەپسولەکان.
• پلەی گەرمی نەگونجاو: زۆرێک لە دەرمانەکان دەبێت لە "پلەی گەرمی ژوور" (20 بۆ 25 پلەی سیلیزی) بن. سەرما دەبێتە هۆی نیشتنی ماددەکان لە شڕوبەکاندا.
• جیابوونەوە (Separation): هەندێک شڕوب ئەگەر زۆر سارد بن، دەبنە دوو چین و ماددە کاریگەرەکە لە بنیدا دەنیشێت. تەنانەت بە ڕاوەشاندنیش وەک پێویست تێکەڵ نابێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی وەرگرتنی ژەمی (Dose) هەڵە.
دووەم: کارەساتە ژینگەیییەکان (دەرەوەی ماڵ)
زۆربەی خەڵک وادەزانن شڕوب تا بەرواری سەر کارتۆنەکەی مابێت تەواوە، بەڵام ڕاستییە زانستییەکە ئەوەیە: زۆربەی شڕوبەکان تەنها ٢٨ ڕۆژ (یان کەمتر) دوای کردنەوەیان بەکاردێن، دوای ئەوە دەبنە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی باکتریا. کاتێک ئەم دەرمانە زیادانە فڕێ دەدرێنە ناو تەنەکەی خۆڵ، دەبنە "پاشماوەی مەترسیدار":
1. پیسبوونی خاک و ئاو: ماددە کیمیاییەکان تێکەڵی خاکی کشتوکاڵی و ئاوی ژێرزەوی دەبن و لە ڕێگەی گژوگیا و ئاوەوە دەگەڕێنەوە ناو جەستەی مرۆڤ.
2. سوتاندنی هەڵە و گازی دیۆکسین: سوتاندنی پاشماوەی دەرمان و پلاستیکەکانی (PVC)، گازی "دیۆکسین" بەرهەم دەهێنێت. ئەم گازە شێرپەنجەییە و کاریگەریی وێرانکەری لەسەر سیستەمی بەرگری و گەشەی مرۆڤ هەیە.
بەداخەوە، هێشتا سیستەمێکی پێشکەوتوو بۆ کۆکردنەوە و لەناوبردنی دەرمانی بەسەرچووی ماڵان نییە، ئەمەش کارەساتێکی ژینگەیی درێژخایەنە
سێ یەم: لایانی ئابورتی ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سەرمایەکی زۆری خێزان و دەوڵەت، چونکە زۆربەی ئەو دەرمانانە بێ ئەوەی بەکاربێن فڕێ دەدرێن..
چوارەم: چارەسەر چییە؟
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، پێویستە کار لەسەر ئەم خاڵانە بکرێت:
• هۆشیاریی تاک: پێویستە تێبگەین کە سەلاجە بۆ خۆراکە نەک کۆگای دەرمان. دەرمانەکان دەبێت لە شوێنێکی وشک، بەرز و دوور لە تیشکی خۆر بن. ئەگەر دەرمانێک پێویستی بە سەرما بوو، دەبێت لەناو قوتوویەکی پلاستیکی داخراودا و لە بەشێکی جیاوازی سەلاجەدا بێت.
• سندوقی فریاگوزاری: پێویستە لە هەر ماڵێکدا قوتوویەکی بچووکی فریاگوزاری (First Aid Kit) لە شوێنێکی وشک و بەرز (دوور لە دەستی منداڵ) هەبێت.
• ئاستی دەرمانخانەکان: جێبەجێکردنی یاسای توند بۆ نەفرۆشتنی دەرمان بەبێ ڕەچەتە، تا ڕێگری بکرێت لە کۆکردنەوەی دەرمانی زیادە.
• ئاستی حکومی: دابینکردنی سیستەمێکی مۆدێرن بۆ کۆکردنەوەی دەرمانی بەسەرچوو و لەناوبردنیان بە ئامێری (Auto Clave) نەک بە سوتاندنی سەرەتایی.
پاراستنی ژینگە و تەندروستی لەناو سەلاجەی ماڵەکانمانەوە دەست پێدەکات. کاتی ئەوە هاتووە تێبگەین کە دەرمان "خۆراک" نییە تا پاشەکەوت بکرێت، بەڵکو ماددەیەکی کیمیاییە کە ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، دەبێتە ژەهرێک بۆ خاک، ئاو و جەستەی نەوەکانمان.