دایکایەتی و منداڵ و سەبوری
12/25/2025 2:41:00 PM
یەڵدا هەرکی
چەندین سەدەیه، دایکایەتی لە هالۆیەکی پیرۆزی و قوربانیداندا داپۆشراوە و بەستراوەتەوە بە "بەهەشتێک" کە گوایە پاداشتێکە بۆ ژانی منداڵبوون. بەڵام من، وەک ژنێک کە ئەزموونی زایشم هەبووە، ئەمڕۆ لێرە شایەتی دەدەم کە ڕاستی، زۆر قووڵتر و ڕووتترە لەم پێناسە باوانە. دایکایەتی تەنها دەورێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکوو پلەیەکی "بوونناسی"یە.
ئەم سیفەتە لە موڵکی کەسێکدا نییە کە تەنها منداڵی بووبێت؛ ڕەگەز ناناسێت، ئێمە کەسانێک و تەنانەت ئاژەڵیشمان هەیە کە هەرگیز منداڵیان نەبووە، بەڵام لە هەموو دایکێک "دایکتر"ن. دایکایەتی بە واتای «فریکوێنسیی پاراستن»ە. ئەم هێزە دەکرێ لە جەستەی باوکێکدا بێت، لە غەریزەی ئاژەڵێکدا، یان لە دەستی نامۆیەکدا ڕەنگ بداتەوە. ئەم ئاستە لە بێداری، جۆرێکە لە "متمانەیەکی گەردوونی". لەم پلەیەدا، مرۆڤ وەک "چیلکە" سەیری درەخت ناکات و وەک "زەبڵدان" سەیری ڕووبار ناکات؛ ئەو هەست بە لەرزینی گەڵاکان دەکات و خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت لە تینوێتی خاک. ئەو بۆ تەواوی زەوی "دایکایەتی" دەکات.
لە لۆژیکی دایکایەتیی وجودیدا، تەنانەت شتێکی بێگیانیش پیرۆزە؛ نەک لەبەر بەهای ماددی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بەرهەمی ئازار و کات و هونەری " ڕۆحی" کەسێکی دیکەیە.
غەریزە دەڵێت: تەنها ئاگاداری جانتاکەت بە، بەڵام دایکی بوونگەرایی دەڵێت: "ئەگەر بەردێک لە ڕێگاکەدا بێت کە پێی کەسێکی نامۆ بخرێنێت، ئەو بەردە بێ پەیوەندی نییە لە منەوە. ئەمە واتە ڕێزگرتن لە هەموو ئەو شتانەی هەن و تەنانەت ئەو شتانەی نین؛
ئەو کەسەی ڕاستی "دایک" بوونی لە ناخی خۆیدا چەسپاندووە، گەیشتووەتە پلەی دادپەروەری و ئەمانەتپارێزی. ئەو دەزانێت مرۆڤبوون واتە ئامادەبوون بە ئەندازەی پێویست؛ نە ئەوەندە زۆر کە لە ڕۆڵی دراوسێ یان خوشک و برادا ببێتە مایەی بێزاری، و نە ئەوەندە کەم کە لە ڕۆڵی دایکایەتیدا مافی ئەو ئەمانەتە (منداڵە) پێشێل بکات. ئەو تێدەگات هەر پەیوەندییەک قەبارەی خۆی هەیە؛ هونەری ئەو ئەوەیە لە هەر ڕۆڵێکدا، ڕێک بە قەدەر "پێویستیی ئەو گیانە" سوودبەخش و ئامادە بێت.
فەلسەفەی مناڵبوون دەرفەتێکە کە ژیان پێمان دەبەخشێت بۆ ئەوەی خۆمان پەروەردە بکەینەوە پێش ئەوەی کەسێکی تر پەروەردە بکەین.وە ئێمە دەرفەتمان هەیە بە ژمارەی ئەو مناڵانەی هەمانە و ئەوەی لە دایک دەبێت، فێری دایکایەتی بین.
و من لێرەدا پێویستە دان بەوەدابنێم
"من دایکی کچەکەم نیم، ئەو دایکی منە"
کچەکەم، وەک پێغەمبەری حەقیقەت وایە؛ ئەوانەی ئەرکیان نەک شکاندنی دڵ، بەڵکوو پەیامگەیاندنبوو لە ڕێگەی "شێوازی ژیانیان"ەوە. ئەوان بەبێ سەپاندنی هیچ وتەیەک، مانیفێستی مرۆڤایەتیان واژۆ کرد.
من پێم وابوو منم کە دەبێت کچەکەم پەروەردە بکەم، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لالاڤ پێش ئەوەی دەستی بگرم، ڕۆحی منی لە خۆڵ بەرز کردەوە. ئەو بە موعجیزەی "قبووڵکردن و خۆشەویستی بێمەرج"، برینە کۆنەکانمی ساڕێژ کرد و بە هەر ماچێکی دوای تاڵییم، فێری کردم کە بەهەشت لە هێزی گەڕانەوەی بەردەوامدایە بۆ ناو "خۆشەویستی".
بە پێچەوانەی ئەو تێڕوانینە کۆنەپەرستانەیە کە تێیدا هەمیشە دایک "بەخشەر"ە و منداڵیش "وەرگر"ە،
یان ئەوەکە دەوترێت دایکان سەبریان زۆرە، مناڵان سەبورترین بوونەوەرن لەسەر زەوی، بەرگەی هەڵە و خرۆشان و ناپێگەیشتنمان دەگرن بۆ ئەوەی وردە وردە گەورە بین و دەرفەتمان پێدەدەن کە دووبارە مرۆڤایەتی بدۆزینەوە.
هەر منداڵێک کە لە دایک دەبێت، خۆی لە خۆیدا "مرۆڤێکە"؛ بوونەوەرێکی پاک کە ڕاستەوخۆ لە خوداوە هاتووە. بەڵام کارەساتەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات، لە ڕۆڵەکانماندا (دایک، باوک، مامۆستا، کۆمەڵگا)، لەبری ئەوەی جێی متمانە بین، دەست دەکەین بە لەناوبردنی ئەم مرۆڤە کامڵە. ئێمە لە قاڵبی نەخش و درۆکانی خۆماندا دەیچەوسێنینەوە بە ناوی "پەروەردە".
لە دایکبوونی هەر کۆرپەیەک،
نە تەنها سەرەتای ژیانێکە،
کە دوایین نەوەی هیوای خودایە،
لە پێستی تەنکی جەستەیەکی بچووکدا،
کە "خۆی" پێشکەشی،
باوەشی بەتاڵمان دەکات.
کەواتە، بە جۆرێک بژی،
وەک ئەوەی،
جیهانێکی
بە تۆ سپاردبێت،
و هەموو ساتێک
"تۆ ئەمینداریت".
ت:ن
منداڵان، بە تایبەت لە ساڵانی یەکەمی ژیاندا، چاوەکانیان وەک "ئانتێنەیەکی تۆماڕ" زۆر بەهێز کاردەکەن. گوێیان لە وشە نییە، زیاتر دەبینن و فێر دەبن.
ئامۆژگاری وەرناگرن، ئەو کرداری ئێمە تۆمار دەکات. ئەگەر درۆ بکەین و باسی ڕاستگۆیی بکەین، ڕاستی ڕەفتارەکانمان دەبێتە پەروەردەی ئەوان. لە ڕاستیدا
هەر منداڵێک کە لەدایک دەبێت نیعمەتێکی دووبارەبوونەوەیە لەلایەن خوداوە و دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان پەروەردە بکەینەوە.