پارێزگایەکی تری هەرێم ئاهەنگی سەری ساڵی راگرت
04:12 - 23/12/2025
زەمەن_هەواڵ
وەک هاوخەمییەک بۆ قوربانیانی چەمچەماڵ، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاهەنگ و بۆنەکانی سەری ساڵی نوێی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە درا.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، وەک هاوخەمییەک بۆ قوربانیانی چەمچەماڵ، نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاهەنگ و بۆنەکانی سەری ساڵی نوێی لە سنووری پارێزگاکەدا دەرکرد.
ئاشکراشیکرد، ئەم بڕیارە وەک رێزێک بۆ گیانی قوربانیانی کارەساتی لافاوەکەی ئەم دواییەی قەزای چەمچەماڵ و دەربڕینی هاوخەمییە لەگەڵ خانەوادە و کەسوکارە بەڕێزەکانیان.
جەختیشیکردەوە، پارێزگای هەڵەبجە بەم هەنگاوە، هاوبەشیی خۆی لە خەمی خوشک و براکانیان لە چەمچەماڵ دووپاتدەکاتەوە و جەخت لەسەر رۆحی یەکگرتوویی و هاوپشتیی گەلی کوردستان لە کاتە سەختەکاندا دەکاتەوە.