13 کوردستان

په‌یامی د.بەرهەم ساڵح به‌هۆی وه‌رگرتنی پۆسته‌ جیهانیه‌كه‌یه‌وه‌‌

10:47 - 19/12/2025



زەمەن - هەواڵ

ئەمشەو له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، به‌كۆی ده‌نگ د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆك كۆماری پێشوی عێراقی به‌ كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران هه‌ڵبژێردرا و له‌ئه‌مڕۆوه‌ تا پێنج ساڵی دیكه‌ د. به‌رهه‌م له‌و پۆسته‌ باڵایه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌.

ده‌قی پەیامی د. بەرهەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران؛

(١٨ دیسمبر، ٢٠٢٥)— مایەی شانازیمە کە وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) هەڵبژێردرام. بۆ خۆم ڕۆژگارێک پەنابەر بووم، و باش دەزانم کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانێت ڕێڕه‌وەی ژیان بگۆڕێت. ئەم ئەزموونەم هەوێنی بەرنامەی سەرکردایەتیم دەبێت لەسەر بنەمای هاوسۆزی، پراگماتیزم و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتییەوە. لە پێشینەی بەرپرسیارێتیم، پەنابەران و ئەو کەسانە دەبێت کە بە زۆر ئاوارە کراون؛ لە ڕێگەی پاراستنی ماف و کەرامەتیان، و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە، تاوەکو ئاوارەبوون کاتی بێت، نەک چارەنووسێکی هەمیشەیی.

لە سەردەمێکدا کە ژمارەی ئاوارە بێئەندازەیە، و فشارێکی زۆر لەسەر سەرچاوەکانی هاوکاری مرۆیی هەیە، جێبەجێکردنی ئەرکەکانی UNHCR پێویستی بە دوپاتکردنەوەی کاریگەری، کراوەیی و کارایی دەبێت. ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. کۆمیسیاری باڵای پەنابەران بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو چاکسازییە گرنگانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دەستیان پێکردووە بۆ بەهێزکردنی کاریگەرییە مەیدانییەکان و بەکارهێنانی دروستی سەرچاوە داراییەکان. لەگەڵ وڵاتانی ئەندام و هاوبەشەکانمان لە کەرتی گشتی و تایبەت و ڕێکخراوە خێرخوازکارەکان، و لەم پێناوەشدا هاوکار دەبم بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری بەوانەی زۆرترین پێویستییان پێیەتی.

سوپاسی سکرتێری گشتی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، و کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم بۆ متمانەپێکردنیان؛ هەروەها سوپاسی کۆمیساری باڵا، فیلیپۆ گراندی، دەکەم بۆ سەرکردایەتی کاریگەر و ماندوونەناس لەم ماوەیەدا کە جیهان لەبەردەم کێشە و گرفتی گەورەدا بوو.

پەرۆشم بۆ کارکردن لەگەڵ کارمەندە دڵسۆزەکانی UNHCR، دەوڵەتان، هاوبەشەکان، وڵاتانی پەناگەی پەنابەران، و لە سەرووی هەمووشیانەوە خودی پەنابەران، بۆ جێگیرکردنی پارێزگاری و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی، کە لەگەڵ هیوا و ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم گونجاو بێت

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن