بەپەلە.. كۆبونەوەكەی سەركردایەتی پارتی كۆتایهات و چواركەس دیاریكران
02:38 - 18/12/2025
زەمەن - هەواڵ
بەپێی زانیارییەکانی ''زەمەن''، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، کارنامەی پارتی لە بەغدا، دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی تر تاوتوێکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبووە و دوای تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ کۆبوونەوەکە کۆتایی هات و بڕیارە پاش کەمێکی دیکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ''زەمەن''، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ کراوە، لەنێویاندا، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، کارنامەی پارتی لە بەغدا، دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، جگە لەمەش یاسای نەوت و گاز و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و دەرکردنی یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی تاوتوێکراون.
هەر بەپێی زانیارییەکان، هەریەکە لە فازڵ میرانی، فوئاد حوسێن، ئومێد سەباح و نەوزاد هادی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان ڕاسپێردراون.