8 کوردستان

کۆماندۆ: چەند چەشارگەیەکی داعش لە سنووری شارۆچکەی داقوق لەناوبران

12:41 - 21/11/2025

زەمەن پرێس
هێزەکانی کۆماندۆ کوردستان ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگیریی چەند چەشارگەیەکی داعش لە سنووری شارۆچکەی داقوق لەناوبران و دەستبەسەر بەڵگەنامە و دەستنووسی چەتەکاندا گیرا.
بەشی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک دژی حەشارگەکانی داعش لە سنووری شارۆچکەی داقوقی سەربە پارێزگای کەرکووک، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکرەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، هاوشێوەی زنجیرە ئۆپەڕاسیۆنەكانی پێشتر و لەسەر فەرمانی بەڕێز فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان کاتژمێر ٤:٠٠ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێجشەمە، هێزەکانی کۆماندۆ بە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگیری و بە هەماهەنگی لەگەڵ لیوای ٨٧ـی مغاویری سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدینی سوپای عێراق، ئۆپەڕاسیۆنێكی بەرفراوانیان بۆ (چەمی ڕۆخانە) لە سنووری شارۆچکەی داقوقی باشووری پارێزگای كەركووك ئەنجامدا.
ئاماژە بەوەشدراوە، هێزەکانی کۆماندۆ لە بەرەبەیانێكی زووەوە كێوماڵی پانتاییەكی بەرفراوانی (چەمی ڕۆخانە) و دەورووبەریان كرد و شوێنی (٨) مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستان دۆزرایەوە و سەرجەمیان لە ناوبران و دەست بەسەر ژمارەیەك بەڵگەنامەی گرووپە تیرۆریستییەكان و ژمارەیەك كەلوپەلی پەیوەندیكردندا گیرا و شوێنی مانەوەی تیرۆریستانیش خاپووركرا، هاوکات ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكەش وەك ئەوەی پێشتر پلانی بۆ دانرابوو وەك خۆی بەدەست هات.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا باس لەوەشکراوە، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان ئەندامانی کۆماندۆی ڕاسپارد بەردەوام بن، لەسەر ئەم جۆرە ئۆپەڕاسیۆنانە بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە ئاسەواری تیرۆریستان و شانە نوستووەكانیان لەو ناوچانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن