19 کوردستان

ئیلهام ئەحمەد: بە یەك زمان و یەك ڕەنگ سوریا بەڕێوەنابرێت

01:19 - 19/11/2025

 

زەمەن - هەواڵ

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، ڕژێمی سوریا وەك تاك و هاوڵاتی مامەڵەی لەگەڵ كوردا نەكردوە و ئێستاش بە یەك زمان و یەك ڕەنگ سوریا بەڕێوەنابرێت و شەڕ دروستدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئیلهام ئەحمەد، له‌ دیداری مێپس له‌ شاری دهۆك، ڕایگه‌یاند، ئاشتی پرسێكی سەرەكی ناوچەكەیە و بۆ ئەوەش پێویستە بڕیارێكی ئاقڵانی بدرێت كە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ یان ڕێگەی چەك و شەڕ هەڵبژێردرێت. ئەگەر پێكهاتەیەك بیەوێت خۆی بسەپێنێت ئەوا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوە شەڕ.

ئاماژەی بەوەشكرد، "دەسەڵاتدارانی ناوچەكە هەمیشە پێشت لە پێكهاتە و كەمینەكان دەكەن، ئەگەر تا ئەمڕۆ ئاشتی لە سوریادا نەبوە، هۆكارەكەی ئەوەیە كە سیستەمەكە تاك لاینە بوە و مافی هەمو پێكهاتەكانی نەداوە. بە یەك زمان و یەك ڕەنگی سوریا بەڕێوەنابرێت و شەڕ دروستدەبێتەوە".

ئیلهام ئەحمەد، لەمیانەی پانێڵە تایبەتەكەی لە كۆڕبه‌ندی مێپس وتیشی، "سوریا چیتر پێویستی بە شەڕ نەماوە و دوای ئەو هەموساڵە لە جەنگ پێویستە پێكهاتەكانی سوریا خۆیان بخەنە شوێنی یەكدی بۆ ئەوەی لەویست و مافەكانی یەكتری تێبگەن".
ماوه‌ی سێ رۆژه‌ دیداری مێپس له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌رپرسانی باڵا له‌ ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شداریان تیادا كردوه‌، ئه‌مڕۆش كۆتایی به‌كاره‌كانی دێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن