دەم پارتی دەربارەی "مافی هیوا" پڕۆژەیاسایەکی پێشکەشی پەرلەمان کرد
09:29 - 21/10/2025
زەمەن پرێس:
پەرلەمانتاری
شڕناخی دەم پارتی نەورۆز ئویسال ئاسلان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی “مافی
هیوا”ـی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا پڕۆژەیاسایەکی پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان
کرد.
نەورۆز
ئویسال ئاسلان لە پڕۆژەیاساکەدا ئاماژەی بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا
کردووە، کە نەبوونی مافی هیوای لە سزای زیندانیی هەتاهەتاییدا وەک مامەڵەیەکی
دژەمرۆیی پێناسە کردووە و دەلێت: لە تورکیا دوای ساڵی ٢٠٠٤، بە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان،
سیستمی زیندانیی هەتاهەتایی دەستیپێکرد و بە دابڕینی زیندانیان لە کۆمەڵگە،
ئامانجی چاکسازیی لەناوبرد.
لە
پڕۆژەکەدا ئاماژە بە بڕیاڕەکانی تایبەت بە ڕێبەر ئاپۆ، کایتان، غوربان و ڤینتەر
کراوە و ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی جێبەجێکردنی سزا وەک پێشێلکاریی ماددەی سێی دادگای
مافی مرۆڤی ئەورووپا هەڵسەنگێندراوە. باسلەوەشکراوە کە زیندانیان لە ژووری
تاکەکەسیدا ڕادەگیرێن، هەفتانە تەنها یەک کاتژمێر مافی چوونە حەوشەیان هەیە و
سنووردارکردنی دیداری بنەماڵە و پەیوەندیی تەلەفۆنی بە واتای “پێشێلکردنی مافی
هیوا” دێت.
لە
هەمانکاتدا پڕۆژەیاساکەی دەم پارتی سەرنج دەخاتە سەر بانگەوازیی لیژنەی وەزیرانی
ئەنجومەنی ئەورووپا بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی یاسایی لە تورکیا. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە
کە ڕژێمی سزای زیندانیی هەتاهەتایی قورسکراو، لە سەرەتادا ڕێبەر ئاپۆی کردبووە
ئامانج، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە بۆ نادادپەروەرییەکی بنەڕەتی کە کاریگەریی
لەسەر هەزاران زیندانی هەیە.
پەرلەمانتارەکەی
دەم پارتی ڕاشیگەیاندووە کە ئەم پڕۆژە لەسەر بنەمای ئاشتی، هاوڵاتیبوونی یەکسان و
یەکێتیی دیموکراتیک، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پرۆسەکە.