وەزارەتی کارەبا: بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە هاوڵاتیان پارەی کەمترلە جاران بە کارەبا دەدەن
04:38 - 21/10/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، چوار ملیۆن هاووڵاتی لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی ڕووناکی سوودمەندن و 80%شیان پارەیەکی کەمتر لە جاران دەدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، لەدیدارێکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا کردەوە، کە جێبەجێکردنی کارنامە وەزارییەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کێشەی 30 ساڵەی کارەبا چارەسەر دەکات.
ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پرۆژە ڕووناکی 24 کاتژمێری بەشێوەیەکی رێکوپێک جێبەجێ دەکرێت، کە لەگەڵ هەڵکشانی خێرایی هاوبەشانی کارەبا بۆ سەرووی 1.95 ملیۆن هاوبەش کە لەم کابینەیەدا نزیکەی 500 هەزار هاوبەش زیاد بووە.
وەزیری کارەبا ڕاشیگەیاند، ئێستا 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و بەرهەمهێنانی کارەبا لەم کابینەیەدا 1840 مێگاوات زیادکراوە، ئەم زیادبوونە بە پاڵپشتیی ئەنجومەنی وەزیران و کرێکاران و کارمەندانی وەزارەت و پشوودرێژی هاووڵاتییان و هەروەها لەڕێگەی ژمارەیەک چاکسازیی لە گرێبەستەکان و کەمکردنەوەی تێچوون و بەکارهێنانی وزەی پاک بەدەستهاتووە.
وەزیری کارەبا ئاماژەی بەو وێستگانەش کرد کە تێیدا بەرهەمهێنانی کارەبای لێ زیاد کراوە، وەک:
– وێستگەی بازیان بە توانای 750 مێگاوات
– وێستگەی خۆرمەڵە بە توانای 500 مێگاوات
– وێستگەی هەڵمی خەبات بەتوانای 300 مێگاوات
– وێستگەی گەرمیان بەتوانای 165 مێگاوات
– وێستگەی دێرەلۆک بەتوانای 38 مێگاوات
– بەگەڕخستنەوەی وێستگەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بە توانای 87 مێگاوات
– چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی هەردوو وێستگەی کارۆئاوی (دوکان و دەربەندیخان) و هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی کارەبا لەگەڵ وەبەرهێنەکان.
کەمال محەمەد وەزیری کارەبا دەڵێت: “لەمەش گرنگتر پارێزگاریکردن بوو لە ژینگە کە توانیمان ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاک و خاوێن بۆ سەرووی لە 84% بەرز بکەینەوەکە لەگازی سروشتی لە 83% و لە 1% کارۆئاوی، لەڕێگەی بەکارهێنانی گاز و وزەی خۆر و وزەی هایدرۆپاوەر پارێزگاری لە ژینگە کرا کە مەترسی زۆری بۆ سەر سەلامەتیی تەندروستی هاووڵاتییان هەبوو”.
وتیشی: “ئەو هەموو موەلیدەیە کە بەگازی ژەهراوی کاریان دەکرد، پرۆژەی رووناکی گەورەترین دەستکەوتە بۆ سەلامەتی هاونیشتمانیان. لە لایەکی دیکەوە وێستگەی 165 مێگاواتی گەرمیان بۆ یەکەمینجارە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بتوانرێت سوود لە غازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکانی نەوت وەربگیرێت و لەبری ئەوەی بسووتێت و زیانی بۆ ژینگە و هاووڵاتیان هەبێت، دووبارە بۆ بەرهەمهێنانەوەی کارەبا بەکارمان هێنایەوە، هەر لەم کابینەیەدا زیاتر لە 50 مێگاوات کارەبا بە سیستەمی وزەی خۆر پرۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دانراوە”.