سبەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ یەکلا دەکرێتەوە
02:13 - 29/09/2025
زەمەن _ هەواڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاسکرایکرد، سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ''زەمەن''ی ڕاگەیاند: رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و چاوەڕوان دەکرێت لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری خەرجکردنی بدرێت، هەروەها هەرێم ئامادەکارییەکانی بۆ مووچەی مانگی ئاب تەواو کردووە و سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلول یەکلایی دەکاتەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بۆیە "ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولیش بدرێت."
ئاماژەی بەوەشدا، رێککارەکانی پارەدارکردنی مووچەی مانگی تەمموز لە وەزارەتی دارایی عێراق دەستیپێکردووە. پرۆسەکە بە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی دەستپێدەکات و دواتر دەنێردرێت بۆ بەشی ژمێریاری و دڵنیایی لە بوونی پارەی پێویست لە بانکەکان وەردەگیرێت، و ئەمڕۆ و سبەی ئەو رێککارانە تەواو دەبن و بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەکە دەدرێت."
هاوکات، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: "تەرازووی پێداچوونەوەی" مووچەی مانگی ئابیان تەواو کردووە و لەسەر خەتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی راپۆرتەکەیان بۆ بنێرن و 120 ملیار دیناریش وەک داهاتی نانەوتی ئامادەیە و چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی دەکەن لەلایەن بەغدادەوە.