تمەن هاڕەی کرد.. قەت هێندە دانەبەزیووە
01:24 - 27/09/2025
زەمەن _ ئابووری
نرخی تمەن دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد و هەر ١٠٠ دۆلارێکی ئەمەریکی لە بازاڕەکانی ئێراندا بەرامبەر بە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، دراوی ئەو وڵاتە دابەزینێكی بەرچاوی تۆمارکرد بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان و ریکۆردێکی نوێی مێژویی تۆمار کرد، لەگەڵ کردنەوەی بازاری دراوەکان لە ئێران، ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، بەهای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بو بە کەمتر لە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن.
هاوکات، ئەم دابەزینی دراوی ئێرانە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی سزاکانی رۆژئاوا بۆسەر تاران و بڕیار وایە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا سزاكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بەسەر ئێراندا جێبەجێبکرێتەوە.
لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی سەپاندنەوەی سزاکانی بەسەر وڵاتەکەیدا بە نایاسایی لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند ملكەچی فشارەكان نابن و سەپاندنەوەی سزاكان نایاسایین، وەک کاردانەوەیەکیش تاران، باڵيۆزەكانی لە هەرسێ وڵاتی فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەریتانیا بانگهێشتی وڵاتەكەی کردەوە.