بەتۆمەتی گەڕان بەدوای ئاساردا سێ تۆمەتبار دەستگیرکران
12:37 - 29/09/2025
زەمەن _ سلێمانی
مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی نەهێشتنی تاوانی پۆلیسی سلێمانی، سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد بەتۆمەتی گەڕان بەدوای ئاساردا.
ئەمڕۆ ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی زانیاریان لەسەر چەند تۆمەتبارێک کۆکردەوە کە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ئاساردا و پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری تایبەتمەند، توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتبار دەستگیربکرێن.
ئاماژە بەوەشدراوە، لەکاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتباراندا دەستگیرا بەسەر بەردێکی بەنرخی ئاساریی و مستیلەیەکدا کە مستیلەکە بۆ ئەو بەردە بەنرخە ئامادەکرابوو.
پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران (ش، ع، أ لەدایکبووی ١٩٨٠- ک، غ، م لەدایکبووی ١٩٨٥ - ن، س، ر لەدایکبووی ١٩٨٥) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٢٤/٤ لەیاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٢١ی ئاسار ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لهگهڵیاندا بەردەوامه.