مووچەی ئەم توێژە دیاریکرا و لەمەودوا لە ٥٠٠ هەزار کەمتر وەرناگرن
08:35 - 18/09/2025
زەمەن پرێس:
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت،
کەمترین مووچەى کرێکارى خانەنشینکراو زیادکرا.
بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان
بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (259) لە رێککەوتى 3ـی 7ـی
2024، لە ئەنجومەنى کارگێڕیی خەزنەى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران،
بڕیاردرا بە دیاریکردنى رادەى هەرە کەمى مووچەى خانەنشینیی کرێکاران بە بڕی 500
هەزار دینار، کە هاوتایە لەگەڵ مووچەى خانەنشینیی فەرمانبەرانى کەرتى گشتى.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمى کوردستان نزیکەى هەزار کرێکارى
خانەنشینکراو هەیە، کە مووچەى مانگانەیان لەلایەن خەزنەى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى
دابیندەکرێت.
بەرێوەبەرایەتییەکە باسی لەوە کردوە، خانەنشینکردنى کرێکاران بۆ ئەو
کرێکارانەیە کە دەستەبەرکراون و بە هۆکارى هەڵکشانى تەمەن، گیانلەدەستدان یان
پێکانى کار، خانەنشین دەکرێن.