مەزڵوم عەبدی: گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا بەردەوامە
07:59 - 18/09/2025
زەمەن پرێس:
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەخت دەكات
لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا لە چوارچێوەی رێککەوتنی 10ی ئازار.
لە میانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم
عەبدی باسی لە گرنگی پاراستنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست
كردووە لە دژی ئەو دەستدرێژییانەی هەوڵی راکێشانی ناوچەکە دەدەن بۆ شەڕێکی نوێ.
ئاژانسی "هاوار نیوز" بڵاويكردووەتەوە، تێکەڵبون لەگەڵ
سوپای سوریا لەسەر مێزە بۆ گفتوگۆکردن و هەسەدە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و
هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
پێداگريشى لەسەر پرسی چارەسەری سیاسی کردووەتەوە، ئەم بژاردەیەی بە
هەمیشەیی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سوریا و پاراستنی گەلەکەی ناوبردووە.