84 کوردستان

حکومەتی هەرێم، ڕووماڵکردنی ئەم ڕووداوەی قەدەغەکرد

02:44 - 18/09/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن.

دەقی بڵاوکراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری:

 بۆ پاراستنی رێرەوی لیکۆڵینەوە یاساییەکان ڕووماڵی تاوان قەدەغە دەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاشیگەیاندووە، ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تێیدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن