وەزیری سامانە سروشتییەکان: بەمنزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە
03:34 - 15/09/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: بەمنزیکانە ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی کردووە لە لیوجیون، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکە کونسولی چین نزیکبوونەوە لە چارەسەری دۆسیەی نەوتی نێوان هەرێمی کورستان و عێراقی بەرز نرخاندووە و پاڵپشتی چینیشی بۆ ئەم هەنگاوانە نیشانداوە.
هاوکات، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دانیشتنەکە ئاماژەی بەوەداوە، کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەمنزیکانە ڕوو لە چارەسەرکردن دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەگەرچی لە یەکنزیبوونەوەی زۆر لەسەر دۆسیەی نەوتی کوردستان هەیە، بەڵام هێشتا چەند خاڵێک ماون بۆ چارەسەر، چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە کۆتایی بەم چەند گرفتەش بێت.