بارزانی: گومانی تێدا نییە ئەمریکا بکشێتەوە داعش دەگەڕێتەوە
08:49 - 08/09/2025
زەمەن-هەواڵ
سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان رایدەگەیەنێت، گومانی تێدا نییە
هەمان سیناریۆی رووداوەکانی دوای ساڵی ٢٠١٢ خۆی دووبارە دەكاتەوەو داعش جارێکی
دیکە دەردەکەوێتەوە.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتى دیموکراتى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ میدیای فەرەنسا رایگەیاند: بەوپەڕی تواناوە پشتیوانی لە پڕۆسەكە دەكەن و
پێشی وایە پڕۆسەكە ئەمجارە جیاوازترە لە پڕۆسەكانی پێشو، چونكە بە بڕوای ئەو
ئەمجارە پەرلەمان و حكومەت و رایگشتی، هەمویان پشتیوانی دەكەن.
بارزانی پێشوازی لە چەکدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) کرد
و وتی: پێم وایە ئەم هەڵوێستەیان دەبێتە هۆی ئاشتی لە ناوچەکە و ئازادکردنی
عەبدوڵا ئۆجەلان.
وتیشی، هیوادارین پڕۆسەكە سەركەوتو بێت. هیوادارم چاوم بە ئۆجەلان
بكەوێت، بەڵام لە دەرەوەی زیندان.
لەبارەی ئەوەی ئایا داوای لە ئەردۆغان كردوە ئۆجەلان ئازاد بكرێت،
مەسعود بارزانی وتی، بەم دواییانە چاوم بە ئەردۆغان نەكەوتوە، بەڵام هیوادارم
ئۆجەلان ئازادبكرێت.
سەبارەت بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراقیش بارزانى دەڵێت: گومانی
تێدا نییە هەمان سیناریۆی رووداوەکانی دوای ساڵی ٢٠١٢ خۆی دووبارە دەكاتەوەو
رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) جارێکی دیکە دەردەکەوێتەوە، ئەگەر هێزەکانی
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ناوچەکە بکشێنەوە، پێشیوایە،
مەترسییەکانی داعش بەردەوامەو ئەمەيان بە فەرمی راگەیاندووە.
پەیوەست بە دۆخی سوریاش بارزانى ئەوەى خستوەتەڕوو، وەک کورد هەموو
هەوڵێكیانداوە بۆ مسۆگەركردنی یەكڕیزیی كورد و گرتنەبەری رێگەی ئاشتی لە سوریا، وتیشی:
ئێمە پشتیوانیمان لە رێككەوتنەكەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع كردوە، بەم
دواییانە نیگەرانیمان هەن لەبارەی ئاڵۆزبون و خراپبونی دۆخەكە لە سوریا، بەڵام
ئێمە باوەڕمان وایە كە نابێت دەستبەرداری رێگەی ئاشتی ببین.
سەرۆکی پارتى باسی لەوەشکردوە، ترسێكی زۆر هەیە لەوەی كە دۆخەكە ببێتە
هۆی هەڵایسانی شەڕ لەنێوان كوردو عەرەب و دەستوەردانی دەرەكی لە سوریا، بەڵام
ئەوپەڕی هەوڵدەدەین بۆ رونەدانی.
مەسعود بارزانی جەختی كردەوە، كێشەكان پێویستیان بە چارەسەرە و نابێت
بیر لە شەڕ بكرێتەوە، چونكە شەڕ چارەسەر نییە. بەبڕوای ئێمە دەبێت دەسەڵاتی نوێی
دیمەشق پێكهاتەكانی وڵات بە هەمو پێكهاتە جیاجیاكانەوە لەبەرچاو بگرێت و
تایبەتمەندییەكانی هەر پێكهاتەیەك لەبەرچاو بگیرێن.