44 کوردستان

ڕێبەر ئەحمەد: ئێمە دەمانەوێت ئەمریکا سیستمی دژە درۆن بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات

12:23 - 08/09/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەشێک لە میلیشیاکان بەدرۆن هێرشیان کردە سەر سەقامگیری هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا دەکەین ئەمریکا سیستمی دژە درۆن بۆ هەرێمی دابین بکات بۆ زیاتر دابینکردنی ئاسایش".

 ئەمڕۆ دووشەممە، ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٥، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی نێوان ژووری بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویندی گرین، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر لە کۆبوونەوەکە بەشدارن و قسەیان کرد.

دەقی وتارەکەی ڕێبەر ئەحمەد:

 - بەڕێز وێندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان. ئێمە هاوبەشی ڕۆڵی تۆ بەرز دەنرخێنین بە تایبەتی تیمەکەی تۆ کاریان کردووە لەسەر دروستکردنی پەیوەندی نێوان هەرێـمی کوردستان و ئەمریکا.
- ئێمە بەرپرسین لە ئاسایشی ناوخۆ و دابینکردنی سەقامگیری کە زۆر دامەزراوەی ئەمنی دەگرێتەوە لەوانە، پۆلیس، بەرگری شارستانی، ئاسایشی سنوورەکان، وەڵامدانەوەی خێرا و مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکان.
- هەڕەشەی داعش هێشتا لە ناو نەچووە، داعش هێشتا لە ناوچە جێناکۆکان چالاکە، هێزەکانمان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێرشانە.
- بەردەوام کارمان کردووە لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچیەتی، کە دەبیتە هۆکاری ناسەقامگیری ئاسایش و ئابووریمان.
- ئێمە لە هەرێمی کوردستان شانازی بە سەقامگیرییەکەمانەوە دەکەین، چونکە ڕێژەی تاوان کەمە هەروەها سیستەمی ئاسایشمان زۆر بەهێز و پارێزراوە.
- زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان و هێرشە درۆنییەکان وادەکات هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەهێزتر بێت.
- بەشێک لە میلیشاکان هێرشیان کردە سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان، دەکرێت ئەوە ببێتە هۆکاری ناسەقامگیری، بۆیە ئێمە پێمان وایە هاوبەشی ئەمریکییەکان زۆر گرنگە.
- دەمانەوێت هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا بکەین بۆ بەهێزکردنی زیاتری سەقامگیری ژێرخانی هەرێمی کوردستان، هاوکات دەمانەوێت لە ڕێگای تەکنۆلۆژیاوە تواناکانمان بەهێز بکەین ئەمە نەک تەنیا هەرێمی کوردستان بەڵکو هاووڵاتییان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکی دەپارێزێت.
- هەرێمی کوردستان پابەندە بە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و ڕەرخساندنی هەلیکاری زیاتر بە تایبەت بۆ گەنجان.
- ستراتیژی ئێمە وایکردووە هەلیکاری زیاتر لەناوخۆ بڕەخسێنین و لەسەر ئاستی دەرەوەش دەمانەوێت کوردستان بکەینە هاوبەشی بازرگانی وڵاتە بەهێزەکان، ئێمە پاڵپشتی کەرتە بازرگانییەکان دەکەین.
-ئێمە ڕێکارەکانی ڤیزامان زۆر ئاسانکردووە بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان، هاوکات هەندێ ئاسانکاری تەکنیکیشمان کردووە بۆ ئەوەی لێرە کار بکەن.
- ئەمریکا لە سەختترین کاتەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەستا و داواتان لێ دەکەین لەگەڵیشمان بوەستن لەپێناو پەرەپێدانی وەبەرهێنان.
- دەمانەوێت بازرگانانی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەین، پێکەوە داهاتووەیەکی خۆڕاگر و داهاتوویەکی پشێکەوتوو بونیاد بنێین، هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەبێتە هۆی سەقامگیری زیاتر و داهاتووی گەشتر.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن