بافڵ تاڵەبانی: سلێمانی شارێكە مێژوویەكی پڕ شانازی هەیە لە دیموكراسی و روانینێكی ناوازە بۆ ژیان
01:02 - 28/08/2025
زەمەن:-
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: سلێمانی مێژوویەکی پڕ لە شانازیی هەیە لە دیموکراسیدا، دەشڵێت، هەمیشە دیالۆگ بەسەر بێدەنگی سەردەکەوێت و رووبەڕووی بارودۆخە قورسەکان دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٨ی ئابی ٢٠٢٥، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا لە کۆنفرانسی هاوپەيمانیی سۆسيال ديموکراتی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا، "دیموکراسی بە تەنیا بەدینایەت، دیموکراسی کاتێک گەشەدەکات، کە پرد لەگەڵ وڵاتان و گەلانی دیکەدا دروستبکەن و سەرکەوتنەکان بەش بکەن و دڵنیابینەوە ئازادی و شکۆ مافی هەموو کەسێکە".
باسی لەوەشکرد، ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەماهەنگیی بەهێزتر بکەن، تاوەکو لەسەر ئاستی هەرێمەکەدا بتوانن بە دەنگێکی ئازاد و روونتر قسەبکەن و دەشڵێت، "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین ئاڵنگاری لەبەردەمدایە ئاڵنگاری کە دانبەخۆداگرتنی هاوڵاتییان و سەقامگیریی وڵاتەکەمان تاقیدەکاتەوە، دەیان ملیۆن کەس بەدەست جەنگ و ململانێکانەوە دەناڵێنن".
بافڵ جەلال تاڵەبانی باسى لەوەشکرد؛ تاوەکو دێت دەسەڵاتی تاکڕەوی و ناعەدالەتی، بنەماکانی دیموکراسی لاواز دەکەن و ئازاری هاوڵاتییانى مەدەنییش زیاد دەکەن، هەر لە غەززەوە تاوەکو سووریا، لە یەمەنەوە تاوەکو گۆشەکانی دیکەی جیهان، ئەمانە خەمێکی گەورەن لەسەر دڵیان، بەتایبەتی ئەو زوڵمانەی لە فەڵەستین دەکرێن، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و رۆژئاوا چۆن دەتوانن باسی وانەی دیموکراسی بۆ ئەوان بکەن، لەکاتێکدا کە رێگە دەدەن تۆقاندن لە فەڵەستین رووبدات".
وتیشی: "لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، گەنجان داوای هیوا و دەرفەت و دادپەروەی دەکەن، کۆمەڵگەی مەدەنی داوای لێپێچینەوە و بەرپرسیارێتی دەکات، ژنان سەرکردایەتی بزافەکان دەکەن بۆ یەکسانی، کۆمەڵگاکان دەیانەوێت بە شکۆمەندی بژین، ئەوەش ئەوەمان بە بیردەهێنێتەوە کە گۆڕانکاری تەنیا پێویست نییە بەڵکو هەمووان داوای گۆڕانکاری دەکەن و گۆڕانکاری ئەگەری هەیە بێتەدی، گەر پێکەوە کاربکەن".
لە درێژەی قسەکانیدا بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، لە کوردستان چەندین دەردەسەرییان بینیوە و دەزانن باجی شەڕ چییە و دەشزانین خەڵاتی ئاشتی چییە، دەشزانین مەترسییەکانی دابەشبوون چییە، دەشزانین هێز لە یەکێتیدایە و ئەو هێزەی لە یەکێتیدایە چەند پتەوە، بەتایبەتی، کە لە هەرێمەکەی ئەوان، کە خەڵک کۆڵنادەن و هەرگیز بێهیوا نابن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئاشتی بونیاد بنێین.
جەختیشیکردەوە، "دەبێت وەڵامدانەوەی ئەوان لە ئاست خواستدابێت و پڕ بێت لە هیوا، پێویستە بە کردار پابەندی خۆیان بسەلمێنن کاردەکەن بۆ ئاشتبوونەوە و بەهێزبوون و بەهێزکردنی دیموکراسی، بەرەوپێشچوون مەحاڵ نییە و ئەگەری باشە کە دەتوانن جیهانێکی دیموکراسی دیکە بونیادبنێن".