47 کوردستان

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی: عێراق نیازپاكی خۆی نواند و هیوادارین هەرێمیش هەنگاو بنێت

09:13 - 27/08/2025

زەمەنپرێس:
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات هیوادارین ئەم بڕیارەش هاوشێوەی بڕیارەكانی دیكە نەبێت، لانی كەم عێراق نیاز پاكی نیشانداوە و دەبێت هەرێمیش هەنگاو بنێت.
داراسێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: بڕیارەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاسانكاریەكی زۆری كردووە بۆ ئەوەی كێشەی مووچەی مانگی شەش خەرجبكرێت چونكە تەنها مەرجێكی داناوە ئەویش ناردنی 120 ملیار داهاتی ناوخۆیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر حكومەتی عێراق جگە لەداواكردنی 120 ملیار دینارەكە داوای داهاتی نەوت و هەناردەكردنەوە و ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوت كۆمەڵێك داواكاری دیكەی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ بەو بڕیارە نیازپاكی خۆی ڕاگەیاندووە و هیوادارین هەرێمیش هەنگاو بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بڕیارە تەنها بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی شەشە، بۆ مانگەكانی داهاتوو دەبێت جارێكی دیكە لیژنەكانی هەردوولا دەستبكەنەوە بە دانیشتن و گفتوگۆكانیان لەسەر بابەتی داهاتی ناوخۆ و نەوت و تەوتین و سەرجەم ئەو بابەتانەی كە هێشتا ڕێككەوتنیان لەبارەوە نەكراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن