50 کوردستان

"بڕیاردرا لە یەک کاتدا بە دوو قەناس و درۆنێکی خۆکوژ بافڵ تاڵەبانی بکەنە ئامانج"

04:17 - 27/08/2025

‌زەمەن - هەواڵەكان

دانپێدانانی "چەکدارانی لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین" بڵاوکرایەوە و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، بەپێی بەڵگەکانیان، هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین پێکەوە پلانیان بۆ کوشتنی بافڵ تاڵەبانی داناوە.


بەگوێرەی ڤیدیۆیەک، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "پشتبەستوو بە بەڵگە، دانپێدانانی پیلانی  تیرۆرکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چەندین کەسایەتی تری سیاسی و ئەمنی لە لایەن تۆمەتباران (لاهوور جەنگی بورهان و ئەژی ئەمین)ـەوە بڵاو کردەوە".


بەگوێرەی دانپێدانانەکە، سێ لەو چەکدارانە راستەوخۆ کاریان بۆ لاهوور شێخ جەنگی کردووە و سێ دانەی دیکەیان لەژێر فەرمانی ئەژی ئەمین'ـدا بوون. 


'چەکدارەکان' کێ بوون؟ 


یەکێک لەو کەسانەی لە ڤیدیۆکەدا قسە دەکات بە ناوی (ر.ز.ف) دەڵێت: من لە ساڵی 2014ـەوە لای لاهور شێخ جەنگی دەوام دەکەم. یەکێکی دیکەیان دەڵێت: من ناوم (ر.ق.ر) ماڵم لە چوارقوڕنەیە و خەڵکی کۆیەم، مامۆستا و راهێنەری چەک بووم.


سێیەم کەس بەناوی (ع.ع.م) لە دایکبووی 1985ـە و لە 2016ـەوە بە وتەی خۆی بووەتە پاسەوانی لاهوور شێخ جەنگی.


چوارەم دانەیان دەڵێت: من ناوم (ب.م.ح) لە دایکبووی 10ی 6ی 2002ـە و لە 19ـی 1ـەوە چوومەتە ئەنجوومەنی ئاسایش و دواتر ئێمەیان بردە لای ئەژی ئەمین.


پێنجەم کەس ناوی (ح.ر.م) و دانیشتووی کەلاوە و ناسراوە بە (ئەبوو عەلی) و دەڵێت "مانگی 11ـی 2024 پەیوەندیم بە هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد و لای هێزەکەی ئەژی ئەمین لە هەورازە نەفتە دامەزرام.


کۆتا کەسیش بە ناوی (م.ع.م.ف) لە دایکبووی ساڵی 2000ـە و دوو ساڵە کار لەگەڵ ئەژی ئەمین دەکات و لە ئەنجوومەنی ئاسایش دامەزراوە.


دابینکردنی شوێنی مەبەست بۆ 'چەکدارەکان'


یەکێک لە چەکدارەکان دەڵێت "بۆ ماوەی 45 رۆژ دەبێت پلان دانراوە بۆ لێدان لە دەباشان و چەند شوێنێکی ئەمنی سلێمانی و کاک بافڵ، هەروەها دەستپێکی پلانەکە سێ شوێنمان وەرگرت کە کاک لاهور کلیلەکانی پێدام و هی چەند کەسێکی خۆی بوو. یەکەمیان سیتی تاوەرز بوو، دووەم شوێن هەواری جوان بوو لە رێگەی کاک ئاژۆی برایەوە دابینکرابوو، سێیەم شوێنیش گوندی ئەڵمانی بوو".


ئەو کەسە دەگێڕێتەوە کە "کامێرای تایبەتیان لە لایەن ئەژی ئەمین بۆ هاتووە بۆ چاودێریکردن جمووجۆڵی دەباشان و بافڵ تاڵەبانی".


باس لەوەش دەکات، "کە دووری نێوان ئەو جێگەیە و دەباشان و ماڵی بافڵ تاڵەبانی'ـیان مەتر کردووە و دوورییان 600-700 مەتر بووە".


ئاماژەی بەوەشکردووە کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەژی ئەمین و پۆڵاد جەنگی و رێبواری حامی حاجی غالی لەناو لالەزار کردووە و "تێیدا بڕیاریانداوە کە بافڵ تاڵەبانی بە دوو قەناس لەیەک کاتدا تەقەی لێ بکرێت." دەشڵێت: "رێبوار یەکیک بووە لە قەناس بەدەستەکان و منیش یەکێکی دیکە بووم. بڕیاریش درا بافڵ تاڵەبانی هەم بە قەناس و هەم بە درۆنی خۆکوژی بکرێتە ئامانج و بکوژرێت."


بە وتەی 'چەکدارەکە': راهێنانی تایبەتی لەسەر چەک و شێوازی هەڵدانی درۆنی خۆکوژی لە ئۆکرانیا وەرگرتووە؛ دواتر ئەژی ئەمین کارگەیەکی درۆنی لە هەورازە نەفتە دروست کردووە."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن