17وتار

تورک و ئاشتی "کوجا مەرحەبا"

8/27/2025 1:11:00 PM
د.شێرکۆ کرمانج

 

 

لە یەکەم ڕۆژەوە، دەست پێ کردنی ئەوەی پەک و کورد ناوی لێ ناوە "پڕۆسەی ئاشتی" و تورک ناوی لێ ناوە "تورکیای بێ تیرۆر"، وەک پڕۆسە پێم باش بووە. بەڵام یەک زەڕەش باوەڕم بە نییەت و نیازی تورک و تورکیا و دەوڵەتی قووڵی تورکیا و ئەردۆگان و باخچەلی نە هەیە، نە هەتا دنیاش ماوە دەبێت.

تورک، بەڵێ تورک، نەک تورکیا، بەڵێ تورک نەک دەوڵەتە قووڵەکە، نەک باوەڕیان بە بە لەناوبردنی کوردە بەڵکوو بە چڕی و بە خەستی لەسەر سڕینەوەی کورد و زمانەکەی ئیش دەکەن.

دیارە من هێندە سادەگۆ نیم کە پێم وا بێت ئەوە جەوهەری ئینسانی تورکە کە دەیەوێت کورد بسڕێتەوە، نەخێر ئەوە دەوڵەتی قووڵ و دەوڵەتی تورک و سیستەمی پەروەردە و خوێندن و میدیا تورکیایە کە وای لە ئینسانی تورک کردووە ئەو باوەڕەی لا دروست بێت.

دیارە ئەوەش دەزانم هەر شتێک دروستکراو بێت دەکرێت هەڵبوەشێتەوە، واتە دەکرێت مرۆڤی تورک وای لێ بکرێت کە باوەڕی بە مافەکانی کورد هەبێت تا دەگاتە ئاستی سەربەخۆیی و یەکسانیی و سەروەریش، بەڵام ئەوەی کە ئەو قەناعەتی لای من دروست کردووە ئەوەیە کە نە ئێستا، نە لە سەد ساڵی ڕابردوو، یەک ڕۆژیش نیازێکی وا لە زهنییەتی هەر سێ نوخبە سەرەکییەکی تورکیا، نوخبەی ڕووناکبیریی و سیاسیی و بیزنێسی تورکیا، نەبووە و نییە. تێگەیشتنی ئەو سێ نوخبەیەشە کە لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانی ئەو مرۆڤە دژەکوردە تورکەی بەرهەم هێناوە.

دیارە ئەوەش دەزانم هەندێک چەپی تورکی، کەم تا زۆر، باوەڕیان بە هەندێک مافی کولتووری و زمانی کورد هەیە، بەڵام یەک زەڕە باوەڕم بەوانیش نییە چونکە نیازەکەی ئەوانیش زادەی تێگەیشتن لە مافەکانی ئینسانی کورد و نەتەوەی کورد نییە، بەڵکوو وەک ڕێگەچارەیەک تەماشای دەکەن بۆ هەڵنوەشانەوەی تورکیا، وەک ڕێگرییەک لە جیابوونەوەی کورد ئەو چارەسەرییانەیان خستۆتە ڕوو. واتە هەوڵەکەی چەپەکان، بە چەپەکانی ناو پەکیش، بۆ بە تورکیاییکردنی کوردە نەک بە تورککردنی کورد، کە هەموو ئەوانی دیکە هەوڵی بۆ دەدەن.

ئەم دوو هەوڵە تۆزێک جیاوازان بەڵام هەر تێگەیشتنێک لە پرسی کورد، هەر چارەسەرێک بۆ پرسی کورد، هەڵقوڵاوی زیهنییەت و عەقڵییەت و دنیابینی ئەوی دیکە (تورک/تورکیا، فارس/ئێران، عەرەب/عێراق و سووریا) بێت ناتوانێت چارەسەری پرسی کورد بکات.
پرسی کورد تەنیا لە تێگەیشتنێکی کوردانە، کوردستانییانە، نیشتیمانییانە، لەخۆگرانە، کە باوەڕی بە یەکسانیی نەتەوەکان هەبێت، بە هەلی یەکسان هەبێت، بە ئازادی و ڕزگاریی هەبێت، بە سەروەریی و سەربەخۆیی و جیابوونەوە هەبێت، دەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ چارەسەی پرسی کورد. کە ئەوکات، مەرج نییە کورد جیابێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆیی هەبێت، بەڵكوو دەکرێت ئازادانە لەگەڵ ئەوانی دیکە بژی بەڵام هەموو مافێکی هەبێت کە تورکێک، عەرەبێک یان فارسێک، هەیەتی، وەک گوتم بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن