174 کوردستان

٢٠٠ کارمەندی کەناڵی زووم لە دڵەراوکێی داخستنی یەکجارەکی کەناڵەکەدان

04:29 - 24/08/2025

زەمەن _ سلێمانی

 

 سەنتەری میترۆ زەوتكردنی ئۆفیسی کەناڵی زووم بە زەبری هێزی چەكدار رەتدەكاتەوە، داوا لە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، فەرمان دەربكات هێزەكەی بیناكە چۆڵ بكەن و رادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكەنەوە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥، سەنتەری میترۆ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتنی بینای کەناڵی زووم بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: پاش دەستبەسەركردنی كەناڵی زووم لە لایەن هێزێكی چەكدار، چارەنووسی كەناڵی زووم و كارمەندانی لەبەردەم چەند ئەگەرێكە كە بەهێزترینیان دووبارەكردنەوەی ئەو ماماڵەیەیە كە لەساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ كەناڵی iPLUS پەیڕەو كرا.

درێژەی راگەیەندراوەکەی سەنتەری میترۆ:

 پاش رووبەرووبوونەوە خوێناوییەكەی بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025ی شاری سلێمانی و كۆنترۆڵكردنی ئۆفیسی سەرەكی بەرەی گەل و ماڵی لاهوری شێخ جەنگی، هێزێكی ئەمنی هەڵیانكوتایە سەر ئۆفیسی كەناڵی زووم، بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كەرەستە هەستیارەكانی پەخش و كۆمەڵێک لە ئامێری تریان زەوتكرد و گواستیانەوە. بە تەواوەتی جۆر و ژمارەیان نازانرێت، ئەو هێزە جارێ لەناو ئۆفیسەكەدان كە دەكەوێتە ناو پرۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە ستی.

بەرلەوەی هێزەكە ئۆفیسەكە كۆنترۆڵ بكەن پەیامیان بۆ ناردوون، كە هێزی چەكدار دێنە سەر كەناڵەكە، پێش گەشتنی هێزە چەكدارەكە كارمەندانی زووم لە دەرەوەی بیناكە بوون.

هێمن مەحمود بەرێوەبەری كەناڵی زووم بە میترۆی گووت "داوادەكەین هێزە ئەمنییەكە كەناڵەكە چۆڵ بكەن و كەرەستەكانی بگەڕێننەوە".

پێشتر كەناڵی iPLUS لاهووری شێخ جەنگی پشتیوانی دارایی دەكرد، ئێوارەی 13ی تەمووزی 2021 هێزێكی ئەمنی هەڵیكوتایە سەری، بینای كەناڵ و كەرەستەكانی زەوتكرد.

پاش یەک رۆژ كەناڵی iPLUS خرایە سەر مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی و بینای كەناڵەكەش لۆگۆی كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستانی پێداهەڵواسرا.

 لە 18ی كانوونی دووەمی 2024، لەناو بینای كەناڵی iPLUS و بە پشتبەستن بە بەشێكی زۆری كەرەستە و كارمەندانی، بەدرووشمی "ئێوە شایەنی راستین"، پەخشی كەناڵێكی نوێ (كەناڵ8) دەستیپێكرد.

سەنتەری میترۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كەناڵی زووم و زەوتكردنی ئۆفیسەكەی بە زەبری هێزی چەكدار رەتدەكاتەوە، داوا لە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، فەرمان دەربكات هێزەكەی بیناكە چۆڵبكەن و رادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكەنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن