بەپەلە.. ئەمریکا بەشێوەیەکی کتوپڕ هێزەکانی کشاندەوە
02:58 - 24/08/2025
زەمەن _ هەواڵەکان
هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەیانی ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کتوپر لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا کشانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ی ئابی ٢٠٢٥، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکوومەتی عێراق ئاشکرایکرد، لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە فەرمانکراوە بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا، کە سەربازەکانی قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنتەوە.
دەشڵێت: بەیانی ئەمڕۆ لەو دوو سەربازگەیە هێزەکانی ئەمەریکا بەشێکیان کشاونەتەوە و تا چەند ڕۆژێکی دیکە ئەو دوو سەربازگەیە بەتەواوی چۆڵ دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشداوە، لە سەربازگەی عەین ئەسەد، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکی لێبووە و لەنێو سەربازگەی ڤیکتۆریاش لەنێو فرۆکەخانەی بەغدا ژمارەیەک سەربازی دیکەی لێیە و بەشێک لەو سەربازانەی کشاونەتەوە گواستراونەتەوە بۆ هەولێر.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند "حکوومەتی عێراق پابەندە بە کارنامە حکوومییەکەیەوە لە ڕێگەی بنیادنانی هێزە چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵیاندا، بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی سەقامگیر، کە لەژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکاندا بەڕێوە دەچێت."