هێزە ئەمنیەکان ٣٥ هەزار پارچە زەویان دەدرێتێ
04:21 - 24/08/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: ڕەزامەندیی لەسەر قۆناغێکی نوێی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزە ئەمنییەکان دراوە و ٣٥ هەزار پارچە زەویان پی دەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ی ٢٠٢٥، فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردۆتەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغێكی نوێدا، ڕەزامەندیی بۆ پێدانی زیاتر لە ١٥ هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە داوە، ئێستاش وردبینی بۆ ناوی ٢٠ هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە، بڕیاریشە بەمزوانە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەربکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشکردندا.
دەشڵێت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بەردەوام دەبێت، وردبینیی بۆ ناوی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تەواو کراون.
بەپیی داتای بڵاوکراوەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم تا ئێستاش نزیكەی ٢٠٠ هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی ٤٨٠ هەزار پارچەزەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.