53 عیراق

ئیلهام ئەحمەد: گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەعس، قبووڵ ناکەین

08:43 - 04/08/2025

زەمەن پرێس:
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند: “دەبێت حکومەتی کاتیی سووریا بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بنیاتنانی سووریای نوێدا جێبەجێ بکات”.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، گەلی سووریا پێویستی بە ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتییە، پشێوییەکانی ئێستا لە سوودی کەس نییە، ئیدارە خۆبەڕێوەبەریی ئامادەیە بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایش و هەرچی بکەوێتە ئەستۆی جێبەجێی دەکات.
جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی کاتیی سووریا بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی بنیاتنانی سووریای نوێدا جێبەجێ بکات.
ئیلهام ئەحمەد وتی: “گەر دادپەروەری سیاسیی بەدی نەیەت، شەڕ کۆتایی نایەت، گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەعس، قبووڵ ناکەین، نابێت پێداگربن لەسەر مەرکەزییەت و زۆرداری. بنیاتنانی سووریای نوێ، تەنها بە قبووڵکردنی هەموو ناسنامە و پێکهاتەکان دەبێت. دەبێت کۆنگرەیەکی نیشتیمانی بە بەشداریی هەموو لایەنەکان ئەنجام بدرێت. ڕێککەوتنی سیاسی لەسایەی دەستوورێکدا دەبێت کە ئایندەی هاوبەشی هەموو گەلی سووریا بپارێزێت”.
ئیلهام ئەحمەد ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەیەوێت سووریا دابەش بکات، جەختی کردەوە، ئامانجی لامەرکەزییەت پاراستنی هەمەڕەنگی و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانە، وتی: “هاوکات ئەمە بەشداریی ژنان مسۆگەر دەکات. ئێمە هەرگیز پاشەکشە لە داخوازییەکانمان ناکەین”.
ئیلهام ئەحمەد دەربارەی ئەو خاڵانەی لەگەڵ حکومەتی کاتییدا لەسەر ڕێککەوتوون، ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەند ئەحمەد شەرع بەڵێنی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی دابوو، کەچی تا ئێستە لیژنەی گەڕانەوەی کۆچبەران یەک کۆبوونەوەشی ئەنجام نەداوە، وتی: “ئەمە هەڵوێستی ئەوان بەرانبەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی ١٠ـی ئادار نیشان دەدات. ئەمە هێڵی پرۆسەی گواستنەوە ئاستەنگ دەکات و مەترسییە بۆ سەر پرۆسەکە. مەترسی زیاتر دەئافرێنێت و وڵاتەکە بەرەو شەڕی ناوخۆیی دەبات”

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن