فوئاد حسێن: پێویستە ڕێككەوتننامەی شەنگال جێبەجێ بكرێت
07:01 - 03/08/2025
زەمەن
پرێس:
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان
بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ ئەوەی تاوانی دژبە ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی دیكە
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت. جەختیش لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی
رێككەوتننامەی شەنگالی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم دەكاتەوە.
فوئاد
حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی كۆمەڵكوژی
ئێزیدییەكان لەسەر دەستی داعش لە بەغدا وتەیەكی پێشكەش كردو وتی، وەزارەتەكەیان
كاری كردوەو لە ئێستاشدا كاردەكات بۆ ئەوەی تاوانی دژبە ئێزیدییەكان لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسرێت.
ئاماژەی
بەوەشداوە، هەروەها بەردەوامن لە بەدواداچون بۆ بێسەروشوێنان و رفێندراوانی ئێزیدی
و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن كە گوشار بكەن لەپێناو ئاشكراكردنی
چارەنوسیان.
جەختیشی
كردەوە كە ئەوان بەردەوام لەسەر ڕووبەڕووكردنەوەی تاوانبارانی داعش بە یاسا لەسەر
ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی لەپێناو ئەوەی كە بەبێ سزا دەرباز نەبن.
هەروەها
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا فواد حسێن وتی، پێویستە رێككەوتننامەی شەنگال كە
لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم ئیمزاكراوە جێبەجێ بكرێت.
بەقسەی
وەزیری دەرەوەی عێراق، پشتگوێخستنی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەبێتە مایەی
بەردەوامی دۆخی ناسەقامگیری لە شەنگال و دروستكردنی كۆسپ لەبەردەم گەڕانەوەی
ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان.
وتیشی،
حكومەتی هیچ درێغییەك ناكات لە بەدواداچون بۆ مافی رزگاربوانی ئێزیدی و گەرەنتیكردنی
ئایندەیان.