زەیتی زەیتوون و سرکەی هەنار نەک دەمانچە… چۆن سەرۆک کۆمار کولتووری دیارییە رەسمیەکانی لە عێراقدا گۆڕی؟
8/3/2025 2:25:00 PM
عەبدولواحید دوکانی
لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەی رەمزیی قووڵی لەخۆگرتووە و سنوورەکانی پڕۆتۆکۆل تێدەپەڕێنێت، و دیدگایەکی نوێ بۆ نیشتمانێک دەردەخات کە ئاواتەخوازی هەستانەوەیە بە ئامرازە خۆماڵییەکانی خۆی، سەرۆک کۆماری عێراق هەڵسا بە پێشکەشکردنی دیاریەکی رەسمی کە لە شێوەدا سادە و لە واتادا قووڵ بوون ، بۆکسێکی رەنگی هەناریی شیک کە دوو بوتڵ زەیتی زەیتوونی ڕەسەن و سرکەی هەناری خۆماڵی بەرهەمی ناوخۆیی لەخۆگرتبوو.
لەوانەیە دیارییەکە لە سەرەتادا سادە دەربکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا شۆڕشێکە بەسەر کولتوورێکی کۆندا، کە تێیدا وێنەی عێراق سەرلەنوێ دەکێشرێتەوە، و پێناسەی واتای "هێز" و "بەخشندەیی" و "شوناس" سەرلەنوێ دەکرێتەوە.
واتا هێماییە قووڵەکە
️زەیت و سرکە... نەک دەمانچە و ئۆتۆمبێل
پێشتر، دیارییە رەسمیەکان هەندێکجار بە عەقڵییەتی سەربازییەوە گرێدرابوون وەک دەمانچەی نەخشێنراو بەوێنەی سەرۆک کۆمار ، ئۆتۆمبێلی گرانبەها، شمشێری زێڕین، وەک ئەوەی میوانەکانمان بە "نمایشکردنی هێز" خەڵات بکەین.
بەڵام ئەمڕۆ، ئێمە بە "نمایشکردنی شوناس" ڕێزیان لێدەگرین.
زەیتی زەیتوون، ئەو بەرهەمەی لەسەر گردەکانی کوردستان و باشوور پێگەیشتووە، و سرکەی هەنار، تکێنراوی دارەکانی هەڵەبجە و دیالە و واست، لە تامەکەیاندا چیرۆکی خاک، ئارەقەی جووتیار، و کەلەپووری نەتەوەیەکی هەڵگرتووە.
هاندانی بەرهەمی نیشتمانی: بڕیارێکی سەروەرییە نەک تەنها پڕوپاگەندە
ئەم دەستپێشخەرییە تەنها "دیارییەک" نییە، بەڵکو سیاسەتێکی ئابووری و کولتوورییە کە لە بەرگێکی جوانی دیاریدا خۆی حەشارداوە.
کاتێک دەوڵەت بەرهەمی خۆماڵی پێشکەشی بەرپرسان و میوانەکانی دەکات، ئەوا ،
نرخ و بەهای بەرهەمی نیشتمانی لەبەرچاوی گەل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەرز دەکاتەوە.
بازاڕێکی فراوانتر بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازییە خۆراکییەکانی
عێراق دروست دەکات.
جووتیار و کرێکاری عێراقی دەخاتە دڵی بڕیاری سیاسییەوە.
ماڵئاوا لە کولتووری فیشەک
جیاوازییەکە بهێنە بەرچاوی خۆت لە نێوان پێشوازیکردن لە سەرۆکێک یان باڵیۆزێک بە دیارییەکی دەمانچەی بە ئاڵتون ڕوپۆشکراو و لە نێوان پێشکەشکردنی تامی خاکی عێراق!
یەکەمیان توندوتیژی بەهێز دەکات یان شانازی بە هێزەوە دەکات.
دووەمیان ڕۆح تێر دەکات و هانی ئاشتی و پەیوەستبوون بە خاکەوە دەدات.
لە سەردەمێکدا کە وڵاتان لە ململانێدان بۆ پێناسەکردنی شوناسی خۆیان، عێراق دێت و دەڵێت:
"من تەنها خاکی نەوت نیم، بەڵکو خاکی هەنار و زەیتوونم، و شارستانیەتێکی پاکم کە پێویستی بە فیشەک نییە بۆ سەلماندنی بوونی خۆی."
لەکۆتاییدا: دیارییەکی سەرۆکایەتی... پڕۆژەیەکی نیشتمانی
پێویستە ئەم هەنگاوە تەنها لە کۆشکی سەلام نەمێنێتەوە، بەڵکو بگوازرێتەوە بۆ وەزارەتەکان، پارێزگاکان، باڵیۆزخانەکان، پێشانگاکان، و تەنانەت تاکەکانیش. چونکە هەر جارێک دیارییەک لە خاکی ئەم نیشتمانە پێشکەش دەکەین، ئێمە دێڕێکی نوێ لە چیرۆکی هەستانەوەی عێراقدا دەنووسینەوە.
عێراقی نوێ فیشەک هەناردە ناکات...
بەڵکو تام، شارستانیەت، و بەخشندەیی ڕەسەن هەناردە دەکات.