باوکم و حەجاج!
8/2/2025 1:33:00 PM
کامەران سوبحان
باوکم و ماڵی مامم و ئامۆزاکانم و هەندێ لە خزمەکانم، ئەنفالکران بۆ نوگرە سەلمان. بە لێبوردنی بەعس لەمەرگ گەڕانەوە و ئازادکران! ئێوارەیەک لە نوگرەسەلمان و دەشتی عەرعەرەوە، بۆ یاریگای سلێمانی، ژمارەیەکی زۆر ئەنفالکراوەکانی "دۆڵی بالیسان و هەڵەبجە و قەرەداخ" یان هێنایەوە، بۆ یەکەمجار، پاش دابڕانێکی زۆر، بە باوکم و ماڵی مامم شادبووینەوە.
بابم هەمیشە چیرۆکی دڕەندەیی (حەجاج)ی بۆ دەگێڕاینەوە. حەسرەت و ئاهێکی قوڵ لەناخیدا بوو. بابم خاوەن یادەوەرییەکی بەهێز بوو. سات بەسات و رۆژ بەڕۆژی ڕوداوە ناخؤشەکانی نوگرەسەلمانی لەبیرمابوو، وەک چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئێمەی دەگێڕایەوە.
یەکێک لەو چیرۆکە ناخ هەژێنانەی گێڕاینەوە: چێشتەنگاوێک کۆمەڵێک پیاوی بەتەمەن لە سێبەری زیندانەکەدا دانیشتبووین، دۆلکەیەک ئاومان بەدەستەوەبوو یەک یەک دەمانووسیت قۆڵ و ڕوخساری پێ تەڕبکەین و دەستنوێژی پێبگرین. لەناکاو وەک ئاژەڵێکی دڕندە نیشتە سەرمان و بەدار کەوتە سەرو گوێلاکمان، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێک هەبێت!
چەندین دیمەنی غەمگینی تری گێڕاوەتەوە، بەتایبەتی مردنی منداڵان و ژن و پیاوە بەتەمەنەکان، کە بەیانی زوو دەمانبردن بۆ ئەوەی لەو دیو قەڵاکەوە بیانخەینە ژێر لمی بیابان، ڕۆژی دواتر کە دەهاتینەوە، لاشەکانی دوێنێمان بە دەمی سەگەکانەوە دەبینی.... ئاخ و هەزاردان ئاخخخخ
مامۆستا عومەری مامم، خاوەن یادەوەرییەکی ورد و بەسەلیقەیە، زۆر هانیدەدەم وەک ڕزگاربوویەکی نوگرەسەلمان وردو درشتی چیرۆکەکانی ئەو ڕۆژگارەی نێو زیندان بنووسێتەوە، بە هیوام لەداهاتوودا چیرۆک و بەسەرهاتی نێو قەڵای نوگرەسەلمان، بە گێڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێش و زمانێکی کوردیی پاراو بڵاوببێتەوە.
ئەمڕۆ، هەینی یەکەم رۆژی مانگی ئاب، ڕۆشتمە سەر گۆڕی بابم و پیرۆزبایی گرتنی حەجاجم لێکرد و وتم: حاجی گیان تا لە ژیاندا بوویت یەکێک لە خەونە گەورەکانت دادگایی کردنی ئەو کەسانە بوو، کە خۆت و کەسوکارەکەتی ئەنفالکرد، بەداخەوە ئەو ڕۆژەت نەدی!