24 کوردستان

یەکێتی: سكاڵای یاسایی لەسەر بڕیاری بە شارۆچكەكردنی قەرەتەپە تۆمار دەكەین

09:33 - 13/07/2025

زەمەن پرێس:
ئەندامێكی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی ڕایگەیاند، دوای دەركردنی بڕیاری بەشارۆچكەكردنی قەرەتەپە و لكاندنی هەردوو شارەدێی جەبارە و كۆكس پێیەوە، لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە نادەستووری و نا یاسایی دەزانن و سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەن.
شێركۆ میروەیس ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقینی یەکێتی: سەبارەت هەوڵەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەشێكی خاكی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی بە شارۆچكەكردنی قەرتەپەوە، بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی دەدوێت.
شێركۆ میروەیس ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەوان ئاگاداری هەموو دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەن، ئەوەی  لە ٣١-١٢-٢٠٢٤ كراوە،دەشڵێت: لەڕاستیدا ئەو كۆبوونەوەیە نایاسایی بووە، پێشوەخت لە كارنامەی كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بۆ شارۆچكەبوونی قەرەتەپە نەكراوە، تەنها قسەكردن بووە لەسەر بەشارەدێ كردنی حەمرین، لەو كۆبوونەوەیەدا بە تەنها دەنگ لەسەر ئەوە دراوە.
باسی لەوەشکرد، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە نایاسایی، ناوی قەرەتەپە و جەلەولای بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق ناردووە، بۆئەوەی ئەو دوو شارەدێیە بكرێن بە شارۆچكە، ئێمەش بەڵگەی فەرمیمان هەیە، كە خودی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا لەبەرامبەر ئەو كارەی، كە بە نایاسایی كردوویەتی ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و تەنانەت دەركردن كراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەدەر لەوەی نووسراوەكە نایاساییە، ئێمە لە نەینەوا، كەركووك،  سەڵاحەدین و دیالە، لە ساتەوەختی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، هەموو ئەو ناوچانەی كە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە دیاریكراون، قەرەتەپە یەكێكە لەو ناوچانەی كە لە سنووری پارێزگای دیالەدایە و دەكاتە سنووری ماددەی ١٤٠، ئەمە سەرپێچیكردنی دەستووری عێراقە، چونكە نابێت هیچ ئاڵوگۆڕێكی ئیدارییان پێبكرێت، تا چارەنووسیان بەپێی دەستوور یەكلانەبێتەوە.
شێركۆ میروەیس ئەوەشی خستەڕوو: تیمی پارێزەران و ڕاوێژكارانی یاسایی وردەكارییەكان و هەنگاوە یاساییەكان ئەو كارەیان تاوتوێ كردووە، هەمووان دژی ئەو بڕیارەین و كۆدەنگییەكی زۆر باش هەیە، هەربۆیە تیمی یاسایی داڕێژراوێكی یاسایی لەسەر ئەم بابەتە، بەپشت بەستن بە بەڵگەی فەرمی و كاریگەر لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی پەرلەمان، وەزیرە كوردەكان دەكەین و سكاڵای یاساییش لە دادگای فیدراڵی، تۆمار دەكەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن