447وتار

بەشداری لە پرۆسەی دیموکراسی ئاسانترە یان شەڕ و شوڕش؟

7/12/2025 2:32:00 PM
سەردەشت محمد

دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کۆتایی خەباتی چەکداری ٤٧ ساڵەی دژی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند و داوای گواستنەوەی بۆ سیاسەتی دیموکراسی یاسایی کرد.

ئۆجەلان دووپاتی کردەوە کە پارتەکەیان بە فەرمی وازی لە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی لەناو تورکیە هێناوەو ئەمڕۆ 11/تموز/2025 هەنگاوی یەکەمی ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەستی پێکردو بە ووتەی خۆیان ئەم گۆڕانکارییە بە "سەرکەوتنێکی مێژوویی" وەسف دەکەن.

بە بەراوورد بە بەشداری کردن لە پرۆسەی دیموکراسی یاسایی شەڕ و شۆڕش لە شاخ ئاسانترە، ئەوە لە کاتێکدایە وەک شۆڕشگێڕێک خۆت بۆ شەڕ ئامادەکردووەو چەکت پێیەو بەرامبەرەکەت یان دەتکوژێت یان دەیکوژیت، بەڵام لە پرۆسەی دیموکراسی یاسایدا سیاسەت کردن ئێجگار قورسترەو توانای دبلۆماسی و گونجاندن و شەڕکردنی دەوێت لەسەر مافە دەستووری و یاسیاییەکان.

لە هەموو ئەگەرێکدا ئاشتی باشترە لە شەڕو ماڵوێرانی، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پێشوازی لەو هەنگاوە کردو جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات بۆ تێکدانی پرۆسەی چەک داماڵین. لە هەمانکاتدا لە دیدی سەرکردایەتی و سیاسیەکانی تورکیە، (پارتی کرێکارانی کوردستان) ڕێکخراوێکی تیرۆریستیەو سەرۆککۆماری تورکیە هیوای خۆی دەربڕی کە پرۆسەکە بە زووترین کات تەواو بێت. 

ئەوەی کە جێگای قسە لەسەر کردنە (پەکەکە)، بەبێ وەرگرتنی دڵنیایی هەنگاوی تاک لایەنەیان ناوە بۆ کۆتایی هێنان بە شۆڕشەکەیان، بەڵام ئایا دەتوانن لە پرۆسەی دیموکراسیدا جێ دەستیان دیاری بکەن و شەڕی دەستوری و یاسایی مافەکانی میللەتی کورد بکەن؟


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن