27 کوردستان

لەسەر کوشتنى سێ کەس پۆلیسی گەرمیان ١٢ کەس دەستگیر دەکات

09:56 - 13/07/2025

زەمەن پرێس:
دوای ئەوەی مانگی رابردوو سێ کەس لە سنوری گەرمیان لەسەر کێشەی زەویوزار کوژران، لە ئێستادا 12 تۆمەتبار دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شەش کەسی دیکەش دەرچووە.
عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئەوەی لەرۆژی 23 / 6 / 2025 تاوانێکی کوشتن لەگوندی سەیبێخانی سەربەناحییەی شێخ تەویل، لەنێوان دوو لایەن بەهۆی کێشەی زەوی وزارەوە رویدا، لەئەنجامدا سێ کەس بەناوەکانی ( س.ج.م ) لەدایکبووی 2004 و ( م.ج.م ) لەدایکبووی 1999 لەلایەنی بەرانبەریش کەسێک بەناوی ( م.ع.م ) لەدایکبووی 1997 بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانیان لەدەستدابوو.
وتیشی، دوای گەشتنی پۆلیسی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بەشوێنی روداوەکە دوو لەتەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کران و یەکێکی تر لەتەرمەکان کەلە لایەنی بەرنبەربوو رەوانەی پزیشکی دادی دەربەندیخان کرا.
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وەرگرتنی وتەی چوار شاهید کەڕوداوەکە بەوجۆرە بووە، کە کەسێک دوو کەسی کوشتوە کەبرای یەکترن و کەسێکی دیکەی بریندارکردوە دواجار خۆشی کوشتوە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیس و ئەنجامی راپۆرتی توێکاری پزیشکی دەربەندیخان دەرکەوت کە تاوان لێکراو پێنج فیشەکی بەرکەوتوەو خۆی نەکوشتوە بەڵکو کوژراوە .
راشیگەیاند، لەئێستادا 12 کەس لەهەردوو لایەن بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شەش تۆمەتباری تر بەهەمان مادە دەرچووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن